سووریای دوای ئەسەد چ واتایەکی بۆ دونیا هەیە؟

لە رۆژانی رابردوودا، دەمویست لەسەر کاریگەرییە دۆمینەییەکەی کەوتنی حەلەب، هەروەها پێویستییەکانی ئامادەیی دونیا بۆ قۆناخی دوای ئەسەد بنووسم، بەڵام تاوەکو من چاوپێکەوتن و زانیارییە پێویستەکانی ئەو بابەتەم کۆکردەوە، شام کەوت و بەرلەوەی بابەتەکەم بنووسم ئەسەد رۆیشت. خێرایی رووداوەکانی سووریا تەنیا بۆ نووسینەکەی من کتوپڕ نەبوو، بەڵکو یەکێک لە خافڵگیرییە سیاسی و سەربازییە گرنگەکانی دونیای ئەمڕۆیە.
 
کەمتر لە مانگێک بەر لە ئێستا، ئەسەد بە متمانەیەکی زۆرەوە لە کۆمکاری عەرەبی ئامۆژگاریی سەرانی وڵاتانی ئیسلامیی دەکرد کە چی بکەن! رەنگە ئەمەش ئەو قسە بەناوبانگە پشتڕاست بکاتەوەکە دەڵێ «لەرژێمە تۆتالیتارەکاندا هەتاوەکو 15 خولەک بەرلەوەی بڕووخێن، هەموو شتێک ئاسایی دیارە.» رێک هەتا 15 خولەک بەرلەوەی هەتەشە و هاوپەیمانەکانی لە 27ـی نۆڤەمبەردا حەلەبیان گرت و دوای ئەوەش شارەکانی دیکە، وەک پوولی دۆمینە یەک لەدوای یەک کەوتن.
 
هەتاوەکو دوێنێش لە ئێرانەوە بگرە هەتاوەکو رووسیا و ئەمریکا، یار و نەیارە نێودەوڵەتییەکانی ئەسەد داوای دیالۆگی حکومەت و ئۆپۆزیسیۆنیان دەکرد و ئەوەش دەتوانێ نیشانەیەک بێت بۆ ئەوەی؛ نەیاندەویست ئەسەد بە زەبری هێز بڕوات. هەرچەند دەستپێکردنی دیالۆگیش هەر واتای رۆیشتنی ئەوی دەدا، بەڵام بە رێککەوتن و بەشێوەیەکی کۆنترۆڵکراو.
 
ئالێرەدا هەقە پرسیاری ئەوە بکەین؛ رووخانی ئەسەد بە زەبری هێز، چ واتایێکی بۆ دەوڵەتان هەیە؟
 
بۆ رووسیا، ئەمە هەڕەشەیەکی راستەوانەیە لەسەر بەرژەوەندییەکانی، بەتایبەت بنکە سەربازییەکانی لە لێوارە ئاوییەکانی سووریا لە لازقیە و تەرتووس. لەوانەیە هەر ئەوەش یەکێک لە هۆکارەکانی دوودڵییەکەی بووبێت لە یارمەتیدانی ئەسەد. لانیکەم بۆ ئەوەی بەشی گفتوگۆیەکی لەگەڵ هەتەشە تێدا بهێڵێتەوە. بە ئەگەری  زۆر دۆخی سووریا دەبێتە نموونەیەک بۆ ئەوەی کە ئوکراینا و بەشێک لە وڵاتانی ئەورووپی لە شوێنی دیکەی وەک ئەفریقا یان کۆمارەکانی یەکێتی سۆڤییەتی جاراندا دەماری رووسیا بگرن.
 
بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا؛ ئەمە هەم هەواڵێکی خۆشە هەم ناخۆش. کەوتنی ئەسەد ئەو ئەگەرە زیاتر دەکات کە وڵاتێکی نوێی ئیسلامیی رادیکاڵ ببێتە دراوسێی ئیسرائیل، کە رەنگە جێ پەسندی واشنتن و تەلئەبیب نەبێت، بەڵام بە نەمانی ئەسەد، ئەگەری پڕچەکبوونەوە و خۆبەهێزکردنەوەی حەماس و حیزبوڵڵاش لانیکەم لەماوەی کورتخایەندا کەم دەبێت.
 
کەوتنی ئەسەد بۆ ئێران سێیەمین گورزێکی سیاسی و سەربازییە کە لەدوای هەردوو شەڕی غەززە و لوبنان لەماوەی یەک ساڵی رابردوودا لێی کەوتبێت. بە نەمانی ئەسەد، کۆریدۆری وشکانیی ئێران-عێراق بۆ سووریا و لەوێشەوە بۆ لوبنان و دەریای سپی، دادەخرێت یان زۆر ئەستەم دەبێت کە ساڵانێکە «میحوەری موقاوەمە» کاری بۆ دەکات. ئەمساڵ هەواڵی رێککەوتنی ئەمریکا و عێراق بۆ رێککەوتنی جۆرێک لە کشانەوە کە تاوەکو  2026 تەواو ببێ، هیواکانی ئێرانی بۆ ئەم کۆریدۆرە گەشاندبووەوە، کە لە سێ خاڵی سنووری عێراقەوە دەچێتە سووریا. ئەم پەیوەستبوونە جوگرافییە بەشێکە لە ستراتیژیی سەربازی ئێران بۆ زیندووهێشتنەوەی گرووپە پرۆکسییەکانی وەک ئامرازێکی باڵانسی هێزداری و نفوزی ناوچەیی.
 
خاڵێکی دیکەش ئەوەیە؛ ئەگەر لە روانگەی ئایدۆلۆژیی بەشێک لە سیاسییەکانی شیعەوە سەیر بکەی، لەوانەیە کەوتنی ئەسەد لە دەلاقەی ئێسکەتۆلۆژیای ئیسلامییەوە Islamic eschatology پێشبینی چەند شەڕێکی سوفیانی لە سووریا کراوە کە لەپەنای رووباری فوورات روودەدەن و وەک فیتنەی بەرلە هاتنی ئیمامی مەهدی تەماشای دەکەن. بۆیە بە ئەگەری زۆرەوە سیاسەتی ئێران ئەوە دەبێت؛ تەنانەت لەدوای ئەسەدیش، رۆڵێکی لە سووریادا هەبێ. بە ئەگەری زۆریش بێجگە لە کورد بژارەیەکی نییە، بەڵام بۆ ئەوەش دەبێ لە نۆرەدا بووەستێ و بزانێ سیاسەتی تورکیا و ئەمریکا لەگەڵ هەسەدە بە کوێ دەگات.
 
سەرۆککۆماری تورکیا، هیوای خواستبوو پێشڕەوییەکەی ئۆپۆزیسیۆن بەرەو شام بە بێ هیچ قەزا و بەڵایێک بەردەوام بێت، بەڵام لە بنەڕەتدا رووخاندنی تەواوەتیی ئەسەد بژارەیەک نەبوو کە بەدڵی تورکیا نەبێت و لەوانەیە ئەو قسەیە کەرەستەیەکی گوشاربووبێت، چونکە هەر رۆژێک دوای ئەوە بوو، کە ئێرانیش داوای لە ئەسەد کرد دەست بە دیالۆگ لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن بکات. لەوانەیە کەوتنی ئەسەد بە شەڕ، رێگە بۆ ئەوە بکاتەوە، کە دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەر لانیکەم لەبەشی رۆژهەڵاتی فوورات جێگیرتر بێت، کە رەنگە لانیکەم بژارەی ئێستای تورکیا نەبێت. چونکە لەوانەیە ئەمریکا، ئیسرائیل و رووسیاش دەوڵەتێکی ئیسلامیی بەهێزی لە سووریا نەوێت، بۆیە دابەشبوونە ئیدارییەکەی باشترین بژارەبێ بەلایانەوە. بۆ نموونە ئیدارەیەکی عەلەوی، سوننی و کوردی بەرژەوەندیی هەموویان دابین دەکات.
 
لە قۆناخی داهاتوودا، ئەگەری شەڕی نێوان هەتەشە - هەسەدە و سوپای نیشتمانیی سووریا لەسەر کۆنترۆڵی خاک و دەسەڵات کراوەیە، کە ئەوە دەتوانێت شەپۆلێکی دیکەی کۆچ بەرەو تورکیا دروستبکات کە دوایین شتێکە لەم کاتانەدا ئەنکەرە بیەوێت.
 
لەلایەکی دیکەوە بەهێزبوونی لە رادەبەدەری هەتەشە، دەتوانێ لە داهاتوودا گرفت بۆ تورکیاش دروست بکات. سەرچاوەیەکی عێراق بەو مەرجەی ناوی نەبەم پێی گوتم 'ئێمە مانگێکە دەمانزانی شتێک روودەدات، بەڵام تائیستایش دڵنیا نین ئەمە هەمووی کاری تورکیا بێت.' ئەسەد بکەوێ هەتەشە ئەوەندە بەهێز دەبێت، کە تورکیا کۆنترۆڵی دۆخەکەی لە دەست دەربچێ!
 
خاڵێکی دیکەش ئەوەیە دۆخی ئێستای سووریا چەندەی بەهێزبوونی هەتەشە بێت، ئەوەندەش بە واتای زیادبوونی کاریگەریی ناوچەیی تورکیا دێت لە سووریا و عێراق، ئەویش لەکاتێکدا ترەمپ گەڕاوەتەوە، بۆیە ئەمەش لەوانەیە وا لە ئێران، رووسیا و تەنانەت تاڕادەیەک عێراقیش بکات کە لە سووریا پشتی هەسەدە بگرن بۆ ئەوەی گرفت بۆ تورکیا دروست بکەن. بۆیە لەوانەیە کەوتنی ئەسەد، تورکیا ناچار بکات دواجار بیر لە بژارەی گفتوگۆ لەگەڵ هەسەدەش بکات بەتایبەت کە ئێستا لە نێوخۆی وڵاتەکەشدا باسی دیالۆگ لەگەڵ ئۆجەلان مژارێکی گەرمە.
 
بەرلە هەموو شتێک؛ پێشڕەوییەکانی سێ گرووپی سەرەکی لە نەیارانی ئەسەد (هەتەشە، جەیشولعزە، ئەحرار شام) تەنیا بە هۆکاری سەربازی روونناکرێتەوە. ئەوە فاکتەرێکی زۆر گرنگە، بەڵام دواجار پەنگخواردنەوەی ئەو سەرکوتکارییەی کە ئەسەد لەدوای 2011 بەرامبەر خۆپیشاندەران کردی و دواتریش بەهاوکاریی حیزبوڵڵا، ئێران، و رووسیا دژی ئۆپۆزیسیۆن کردی، کە زۆری سوننەمەزهەبن، ماتەوزەی تەقینەوەیەکی وەهای لە خۆدا کۆکردبووەوە. رێکخراوەکان هەرچی دەبن، باببن یان دەستوەردانی دەرەکی هەبێت یان نەبێت ئەوە دەشێ لە ئاستی نێوخۆییدا ئەنجامێکی پەراوێزخستنی کۆمەڵگەی سووری بەتایبەتی لە ناوچە سوننەنشینەکاندا سەیربکرێت. ئەو دۆخە دەتوانێت خواستی سوننەکانی عێراقیش بۆ رۆڵگێڕانی زیاتر لە سیاسەتی عێراق بەرز بکاتەوە. هەرچەند باسکردن لە تایفەی سوننی یان شیعی لە ئێستای عێراق،کەمی کردووە بەڵام ئەم پرسە ناسنامەییە ریشەیەکی سەتان ساڵەی هەیە و هەموو کات ئەگەری دەرکەوتنەوەی هەیە ئەگەر سیستمێکی دیموکراتیی گشتگیر هەمووان کۆنەکاتەوە.
 
ریکخراوە نادەوڵەتییەکان لەیەکەوە فێر دەبن و لەوانەیە دۆخی سەربازی هەتەشە ببێتە مۆدێلێکی نوێ بۆ گرووپە نادەوڵەتییە چەکدارەییەکانی سوننە لە نێوەڕاست، کە پەیوەندیی بە عێراقیشەوە هەیە بەرلە هەموو شتێک هەتەشە مۆنۆپۆلی بەکارهێنانی درۆنی لە ئاستێکی بەرز و کاریگەردا لە دەستی گرووپە چەکدارەکانی شیعە دەرهێنا. دوای ئەوەی گرووپە چەکدارەکانی شیعە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە یارمەتی و راهێنانی ئەکتەرێکی دەوڵەتی وەک تاکە لایەنی گرنگ و کاریگەری بەکارهێنەری درۆن و مووشەک دەرکەوتبوون، ئەمجارە هەتەشە وەک لایەنێکی کاریگەری درۆنداری سوننە لە سووریا دەرکەوت. ئێستا ئیدی ئەوە گرنگ نییە ئایا هەتەشە خۆی توانستە درۆنییەکەی خۆی پێشخستووە یان دەوڵەتێک فێری کردووە، بەڵکو گرنگ ئەوەیە توانای بەکارهێنانی کاریگەرانەی درۆنی دەستکەوتووە، ئەوەش وەک فاکتەرێکی یاریگۆڕ لانیکەم لە دۆخی سووریا دەوری گێڕاوە. بە ئامانجگرتنی هەندێک بارەگای سەربازی و تەنانەت کەسە گرنگەکانیش بە درۆن، نیشانەیەکی ئەوە بوو.
 
بێجگە لەو رەگەزە خافڵگیرییە سەربازییەی هەتەشە لە هێرشەکەی 27ـی نۆڤەمبەرەوە دەستیپێکرد، تائێستا وای نیشانداوە دەیەوێ لە گرووپە جیهادییەکانی دیکە خۆی بە جیاواز نیشانبدات لەڕووی تەکتیک و ستراتیژیی سەربازییەوە. پسپۆرێکی گرووپە چەکدارییەکانی سووریا بۆی گێڕامەوە کە لەدوای 2020ـەوە تائێستا، هەتەشە زیاتر لە 100 کتێبی تایبەت بە شەڕ و رێگەکانی شەڕی وەرگێڕاوە و زانیارییەکانی خۆی لەبارەی شەڕەوە پێشخستووە و ئەکادیمیای سەربازیی دروستکردووە.
 
هەڵبەت بێجگە لە رێگەکانی شەڕ لە مەیدان، پەیامەکانی جۆلانی بۆ ئەوەی لە داهاتوودا هەتەشە هەڵدەوەشێنتەوە، تەنانەت پەیامەکانی بۆ ئێران و عێراق کە ئەو نایەوێ لەگەڵیان کێشەی هەبێ، هەموو دەچنە خانەی رەتکردنەوەی ستراتیژیی جیهادگەرایی-جیهانی و لەجیاتی ئەوە هەوڵدانە بۆ ئەوەی وەک گرووپێکی جیهادی لە ئاستی یەک وڵاتدا خۆی پێناسە بکات. سیاسەتی جیهادگەرایی جیهانی داعش و ئەلقاعیدە، رووبەڕووی بەرپەرچدانەوەیەکی گەورەی جیهانی بوونەوە، بۆیە ئەگەر ئەم ستراتیژەی جۆلانی سەربگرێ، لەوانەیە گرووپەکانی دیکەش کۆپی بکەن.
 
هەڵبەت مەترسیی هەرە نزیک بۆ عێراق؛ داهاتووی کەمپەکانی ئەلهۆل، رۆژ و بەندیخانەکانی هەسەدە لەگەڵ 350 بۆ 400 چەکداری داعشە لە بیابانەکانی سووریا. ئەگەر شەڕی نێوخۆیی سووریا زۆرتر بێ یان شەڕێک لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەوە دروست ببێت، داهاتووی کەمپەکان و بەندیخانەکان دەبێتە سەرچاوەیەکی مەترسی بۆ عێراق. بێجگە لە نیگەرانییەکانی لە دۆخی سووریا، رەنگە عێراق نیگەران بێت لەوەی زیادبوونی کاریگەریی تورکیا رەنگدانەوەی لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستانیش هەبێت، بەتایبەتی ئەگەر بە پاساوی پەکەکە پێشڕەوییەکی سەربازی بکات.