جیهان لە چاوی کامێرای کوردستان دا

 
کچێکی کوردی سنەییم، کۆڵەپشتی رۆژنامەڤانیم لە پشتە، دەچم بۆ نێو جەرگەی شەڕێکی گەورەی نێوان بە رواڵەت دوو دەوڵەت، بەڵام تۆ وادابنێ دوو جەمسەری جیهان. هەرچەند رووماڵی شەڕ مەترسیدارە، بەڵام کارەکە هەستێکی تایبەتم پێدەدات، لەبەرئەوەی ئێمەی کورد زۆر کارەساتمان بەسەر هاتووە و گلەییمان هەبووە کە راگەیاندنی دنیا وەک پێویست بایەخی پێنەداون، کە کۆڕەوی بەهاری 1991ی باشووری کوردستانیش روویدا، هەر راگەیاندنی جیهان بوو، کردییە رۆژەڤی گەورە و جیهانی لێ ئاگادارکردەوە، کەواتە کورد لە بایەخی میدیا تێگەیشتووەو، ئێستا خۆی خاوەنی دەزگایەکی میدیایی ئەوتۆیە کە رووداوەکانی جیهان بە زمانی کوردی دەگوازێتەوە و بە زمانی دیکەش لەگەڵ جیهان دا بەشی دەکات. 
 
کاری میدیایی بۆ رۆژنامەڤان پڕە لە ئەزموون و ئاڵنگاری جیاواز. دۆزینەوەی هەواڵی گەرم و بەدواداچوون بۆ راستیی رووداوەکان یەکەم ئەرکی رۆژنامەڤانە. لە کاری میدیایی دا هەرچی زیاتر دەچییە نێو قووڵایی کارەکەتەوە، حەز و خولیات بۆ دۆزینەوەی بابەتی سەرنجڕاکێش و کاریگەر زیاتر دەبێت. 
 
یەکەم جار کە دەستم بە کاری رۆژنامەنووسی کرد، زۆرترین سەرنجم لە سەر شێوازی داڕشتن، راستنووسین و کارکردنی باش بوو، لە قۆناخی دواتر بیرم لای ئەوەبوو کە چۆن بابەتێکی تایبەت و جیاواز بۆ کارکردن هەڵبژێرم.
 
شەش ساڵە لە تۆڕی میدیایی رووداو کاردەکەم و هەموو رۆژ شتێکی زیاتر فێر دەبم . لەلای من باشترین رۆژنامەڤان ئەو کەسەیە کە هیچ کات پێی وانەبێت باشترینە و بەردەوام هەوڵ بۆ باشتربوون بدات. راستگۆیی لەگەڵ وەرگر، داهێنان، خوێندنەوە، پرسیار دروستکردن، لێکۆڵینەوە و گەڕان بە دوای زانیاری دا، ورووژاندنی بابەتی پەیوەست بە خەڵک و چارەسەرکردنیان بنەمای کاری منن، هەر ئەمەش وام لێدەکات رۆژانە بەدوای چیرۆکی نوێ بگەڕێم.
 
کاتێک شەڕی رووسیا و ئۆکراینا دەستیپێکرد، بۆ من یەکەم شەڕی گەورەی جیهان بوو، کە هاوکاتی کارکردنی منە وەک رۆژنامەڤانێک لە دامەزراوەیەکی میدیایی دا. 
رۆژانە لە رووداو و میدیا جیهانییەکان سەیری هەواڵەکانی شەڕم دەکرد، بەڵام وەک پەیامنێرێک ئەوەم بەبیردا دەهات، بۆ خۆم لەوێ نەبم و لە نزیکەوە بە زمانی کوردی رووداوەکان بگوازمەوە؟
 
لەدەستپێکی شەڕەوە بۆ ماوەی دوو ساڵ چەندین جار چووینە ئۆکراینا و بە هەموو شار و شارۆچکەکاندا گەڕاین و زیاتر لە ١٠٠ راپۆرت و دوو بەڵگەفیلممان بەرهەمهێنا.
 
من و ئەحمەد عومەری هاوکارم بەڵگەفیلمی (ساڵێک شەڕ)مان لە جەرگەی شەڕی رووسیا و ئۆکراینا ئامادەکرد. ئێمە سەردانی ناوچەیەکمان کرد کە هیچ میدیایەکی دیکە ئەوەندە لێی نزیک نەکەوتبووەوە.
 
بیرۆکەی بەڵگەفیلمەکە کاتێک بۆم دروست بوو، کە یەکەم جار پێمان نایە شاری باخمووت. ئەو شارە سەر بە هەرێمی دۆنێتسکە و دەکەوێتە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا. رووسیا ماوەیەک بوو لە کۆنترۆڵکردنی شارەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی ئۆکراینا شکستی هێنابوو، بەڵام زۆری نەمابوو باخمووت بگرێت.
 
دوو رۆژ بە دوای یەک دا چووینە باخمووت، هەرجارەو ١٠ بۆ ١٥ خولەک دەمانتوانی بوەستین و وێنە بگرین. ئێمە سەرەتاکانی مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٣ لە باخمووت بووین. لەوکاتەدا رووسیا ئاگربەستێکی کاتیی راگەیاند، لە کیێڤی پایتەخت و دەوروبەری هەموو شت ئارام بوو، بەڵام باخمووت و دەوروبەری بەردەوام لە ژێر بۆردوومان دا بوون. هەر ئەوکات راپۆرتێکی کورتمان لەسەر ئەو دۆخە ئامادەکرد، راپۆرتەکەمان لە ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیتد پرێسAP  و تۆڕی ئاڵوگۆڕی هەواڵی ئەرووپایی ENEXەوە لەلایەن زۆربەی میدیا جیهانییەکانەوە وەرگیرا و تاوەکو ٦ مانگ لە تۆپستۆری باشترین راپۆرتەکانی ئینێکس دا بوو، چونکە ئێمە تاکە میدیا بووین لەوێ، کە راستیمان پیشانی جیهان دا. لە ماوەی یەک هەفتەدا باخمووت لەلایەن هێزەکانی رووسیا گیرا و ئێمە ئەو ماوەیە هەر لە دەوروبەری باخمووت ماینەوە . یەکەم جار بوو لە ژیانم دا توەکو ئەو رادەیە هەست بکەم ئەگەری هەیە ئێرە دوایین وێستگەی ژیانم بێت. ئەوە گەورەترین سەرکێشی ژیانم بوو، بەڵام من هاتووم تاوەکو لە نزیکەوە بە چاوێکی رۆژنامەڤانییەوە رووداوەکان ببینم و بیانگوازمەوە.
 
لەو بەڵگەفیلمە 24 خولەکییە خەڵاتکراوەدا، بەشێوەیەکی مەیدانی چیرۆکی ئەو ژن و کچانەم گێڕایەوە کە رۆژانە لەگەڵ ترس و دڵەڕاوکێ و دەنگی بۆردوومان دا دەژین. ئەوان هیچ کات دڵنیا نین لەوەی ئایا باوک و براکانیان لە بەرەکانی شەڕ دەگەڕێنەوە یان نا. لێم دەپرسین بۆچی ئێرە بەجێناهێڵن و ناچنە ئەورووپا، ئەوان دەرگای وڵاتەکانیان بەرووی ئێوەدا کردووەتەوە. جولیا، کە لەگەڵ دایک و باوکی لە گوندی نێڤیسکی دەژی ، لە دەستپێکی شەڕ جارێک چووەتە ئەورووپا، بەڵام دواتر گەڕاوە گوندەکەیان، پێیگوتم کاتێک لە پۆڵەندا بووم هەستم دەکرد ئێرە ماڵی من نییە و بە دروستی مامەڵەم لەگەڵ ناکرێت. ژیان لە ماڵی خۆمان و لە ژێر ئەو بۆردوومانەم پێ باشترە. 
 
دوو هەفتە لە باکوور، رۆژهەڵات و باشووری ئۆکراینا، کە بەرەکانی پێشەوەی شەڕن، مامەوە. لەوێ لەگەڵ خەڵک و هێزە سەربازییەکان گفتوگۆم دەکرد. کارەبا و گاز لە زۆربەی ناوچەکان بڕابوو، جار هەبوو سێ شەو و رۆژ لەبەر سەرما نەمدەتوانی بخەوم و دواتر تاوەکو دوو مانگ جەستەم بەهۆی سەرمای زۆرەوە تووشی سەرمابردەیی و هەوکردن بوو. بە هەموو ئەو ماوەیە کە لەبەرەی شەڕ بووین رۆژی جارێک نانمان دەخوارد ، رۆژانە لە هەموو بەرەکانی پێشەوەی شەڕ بووین و لەگەڵ فەرماندە جیاوازەکان قسەمان کرد تاوەکو بزانین دۆخی سوپای ئۆکراینا چۆنە. لەگەڵ خەڵکی خانەنشین لە ریزەکانی وەرگرتنی خۆراک وەستام و خەم و ئازار و ئاواتەکانیانم تۆمارکرد و پێشانی جیهانمان دا. 
 
گواستنەوەی رووداوەکان و پیشاندانی دۆخی راستەقینەی شەڕی رووسیا و ئۆکراینا، وای لە لیژنەی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ستیڤی کرد، کە درک بە ماندووبوون و گرنگی بەڵگەفیلمی (ساڵێک شەڕ) بکەن و لە تێبنییەکانیان بۆمان بنووسن "ئەم بەڵگەفیلمە ئازایەتی رۆژنامەڤانی و پیشەییبوون و رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان بەمەبەستی پیشاندانی راستی و چیرۆکگێڕانەوەی بەهێز نیشان دەدات. روونە کارەکە بە پڕ لە خۆشەویستییەوە کراوە و دەتوانین هەست بە قورسی وێنەگرتن و دواتر ئیدیتکردنی بکەین. بەڵگەفیلمەکە نایابە و دەبێت هەموو کەس بیبینێت، تکایە بەردەوام بن لەو کارە نایابەی دەیکەن".
 
ئێمە بۆ خەڵات کار ناکەین، بەڵام گرنگیشە خەڵاتەکە جیهانی بێت، کە رووداو خاوەنی چەندین خەڵاتی جیهانییە و رکابەرەکانیشی دەزگا و دامەزراوە جیهانییەکانن، ئەوەش بایەخی خەڵاتەکە زۆر گەورەتر دەکات. گەورەترین خەڵاتیش هەمیشە خۆشەویستی بینەران و خەڵكە بۆ کارەکانمان.