تونێلی رۆژئاڤا


وڵاتانی ئه‌وروپایی هاوپه‌یمانی ئه‌مریكا كه‌وتوونه‌ته‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر پێشنیازێكی ئه‌مریكی بۆ جێگیركردنی هێزی هاوبه‌شی سه‌قامگیری- پارێز له‌ باكووری سووریا (كه‌ رۆژئاوای كوردستانیش ده‌گرێته‌وه‌ و به‌ده‌ست كورده‌وه‌یه‌). ئه‌و وڵاتانه‌ هه‌م وه‌ك ئه‌ندامی ناتۆ و هه‌م وه‌ك ئه‌ندامی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی له‌دژی داعش و هه‌م چه‌ند دانه‌یه‌كیان‌ وه‌ك ده‌وڵه‌تی هاوسۆز له‌گه‌ڵ كوردی رۆژئاوا، دوودڵن له‌ رازیبوون به‌و پێشنیازه‌ی ئه‌مریكا و ده‌ڵێن كاتی خۆی له‌ڕێگه‌ی تویتێكی تره‌مپه‌وه‌ زانیویانه‌ ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت له‌و ناوچانه‌ بكشێته‌وه‌، بۆیه‌ ئێستاش متمانه‌یان به‌ پلانه‌كانی ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌كه‌ نییه‌، به‌ڵام ناشیشارنه‌وه‌ كه‌ دڵخۆشن بەوەی ئه‌مریكا ده‌یه‌وێ هاوپه‌یمانه‌كانی له‌و ناوچه‌یه‌ له ‌دژی ئه‌سه‌د و هێزه‌كانی دیكه‌ بپارێزێ.

ئه‌وه‌ی كه‌ دیاره‌، له ‌كۆتاییدا ئه‌و وڵاته‌ ئه‌وروپییانه‌ رازی ده‌بن و له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا هێز له‌و ناوچانه‌ داده‌نێن. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش روونه‌ كه‌ شه‌ڕه‌‌كانی نێو سووریا ئه‌مساڵ ته‌واو نابن و چاوه‌ڕوان ده‌كرێ له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ ئاڵۆزتریش ببن. بۆنموونه‌ له‌ ئیدلب چاوه‌ڕوان ده‌كرێ توركیا و هێزه‌كانی سه‌ر به‌ توركیا جووڵه‌ی زۆرتریان هه‌بێ و ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی ئه‌و پلانه‌یه‌ كه‌ دیمه‌شق، به‌ هاوكاریی مۆسكۆ و تاران بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ و گێڕانه‌وه‌ی سوپای سووریا بۆی دایانناوه‌. ئه‌مه‌ ره‌نگه‌ ببێته‌ هۆی دروستبوونی پێكدادانی هێزه‌ پرۆكسییه‌كانیان و ته‌نانه‌ت تێكچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان توركیا و ئێرانیش. ‌چاوه‌ڕوان ده‌كرێ ئیسرائیلیش له‌ نیوه‌ی دووه‌می ئه‌مساڵه‌وه‌ په‌لاماره‌كانی بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێران له‌ سووریا چڕتر بكاته‌وه‌. ئه‌مریكاش به‌ پاساوی به‌هێزبوونه‌وه‌ی داعش له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ی سووریا و به‌تایبه‌تیش له‌ هێڵه‌كانی ته‌ماس له‌گه‌ڵ باكووری سووریا و رۆژئاوای كوردستان، ره‌نگه‌ هێرشه‌ ئاسمانییه‌كانی بۆ ئه‌و شوێنانه‌ی به‌ده‌ست سوپای سووریاوه‌ن، به‌ڵام هێز و راوێژكاری ئێرانیی لێن، چڕتر بكاته‌وه‌. 

له‌و نێوانه‌دا رۆژئاوای كوردستان و ئیداره‌كه‌ی شانسی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ كه‌ كاتێكی دیكه‌ی زیادكراو وه‌رده‌گرن هه‌م بۆ دانوستاندن له‌گه‌ڵ دیمه‌شق و هه‌م بۆ پێگه‌یه‌ك له‌ سووریای ئاینده‌دا (كه‌ زۆر دووره‌ جارێ ئه‌و سووریای ئاینده‌یه‌ دروستبێت). ئه‌و كاته‌ درێژكراوه‌یه‌ دیار نییه‌ تا كه‌یه‌، بۆیه‌ نابێ كوردی رۆژئاوای كوردستان ده‌ستیان بخه‌نه‌ ژێر سه‌ریان و بێخه‌م لێی بنوون. به‌تایبه‌تیش په‌كه‌كه‌ ده‌بێ په‌ندی له‌ رووداوه‌كانی ماوه‌ی رابردوو وه‌رگرتبێ و بزانێ له‌و زۆنه‌دا ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی كاتین و ئه‌وانه‌ی ده‌مێننه‌وه‌ ئه‌وانه‌ن كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا له‌گه‌ڵیان ده‌ژین. بۆیه‌ وه‌كچۆن قۆستنه‌وه‌ی هه‌موو ده‌رفه‌تێك بۆ ده‌ستپێكردنی دانوستاندن له‌گه‌ڵ دیمه‌شق له‌سه‌ر مافه‌كانی كوردی رۆژئاوا پێویستییه‌ و شه‌رمیشی ناوێ كه‌ بكرێ، ئاواش ره‌واندنه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی توركیا له‌سه‌ر سنووره‌كان و دروستكردنه‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی سه‌ره‌تا هه‌بوون و دواتر تێكدران، به‌شێكی دیكه‌ی قۆستنه‌وه‌ی ده‌رفه‌ته‌ و شه‌رمیشی تێدا نییه ئه‌گه‌ر بكرێ‌. به‌شێكی گرنگی ئه‌مه‌ش به‌وه‌ ده‌بێت كه‌ نێوماڵی په‌رته‌وازه‌ی رۆژئاوای كوردستان یه‌كبخرێته‌وه‌ و ئه‌و ئیداره‌یه‌ی كه‌ هه‌یه‌ بۆ هه‌مووان بێت و به‌هاوبه‌شی به‌ڕێوه‌ببردرێت، تا توركیاش بیانووی هه‌ڕه‌شه‌ی كه‌متر بێت.

شانسێكی دیكه‌ی زێڕین كه‌ له‌م كاته‌ زیادكراوه‌دا كوردی رۆژئاوا هه‌یه‌تی، بوونی نێچیرڤان بارزانییه‌ به‌‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان. ئه‌و پێشینه‌یه‌كی هه‌یه‌ له‌ لێكنزیككردنه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ و ئه‌نقه‌ره‌ و جووڵاندنی پرۆسه‌ی ئاشتی له‌ باكووری كوردستان و توركیا. له‌ ماوه‌ی رابردووشدا هانی كوردی رۆژئاوای دا كه‌ له‌گه‌ڵ دیمه‌شق بكه‌ونه‌ گفتوگۆ. بۆیه‌ ده‌توانێ له‌م ماوه‌یه‌دا رۆڵی هه‌بێ و هاوكار بێت بۆ ده‌رچوونی رۆژئاڤا له‌و تونێله‌ی هێشتا دیوه‌كه‌ی دیكه‌ی دیار نییه‌.