ئابووریی تورکیا لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا 3.8% گەشەی کردووە
رووداو دیجیتاڵ
ئابووریی تورکیا لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا بە رێژەی 3.8% گەورە بووە، وەزیری گەنجینە و دارایی ئەو وڵاتەش دەڵێت، "دەستمان کرد بە بینینی کاریگەرییە ئەرێنییەکانی ئەو سیاسەتە ئابوورییەی کە لەسەر بنەمای سەقامگیریی دارایی جێبەجێمان کرد."
دەستەی ئاماری تورکیا ئەمڕۆ پێنجشەممە 31ی ئابی 2023 کۆی گشتیی بەرهەمی نیشتمانیی بۆ چارەکی دووەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە.
داتاکان دەریانخستووە بەکارهێنانی ناوخۆیی لە چارەکی دووەمیشدا پشتگیری لە گەشەکردن کردووە، لە هاوردەکردندا بەرزترین زیادبوون لە ماوەی سێ ساڵدا تۆمار کراوە، لە بەرامبەردا هەناردەکردن جارێكی دیکە کەمیکردووە.
بەگوێرەی داتاکانی دەستەی ئاماری تورکیا، ئابووریی ئەو وڵاتە لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی پێشوو، بەرێژەی 3.8% گەشەی کردووە، هەروەها بەرهەمی ناوخۆ بەراورد بە چارەکی پێشوو بە رێژەی 3.5% زیادیکردووە.
داتاکان دەریانخستووە کە بەکارهێنانی ناوخۆیی لە چارەکی یەکەم و چارەکی دووەمدا گەشەی ئابووریی تورکیای بەدەستهێناوە.
لە چارەکی دووەمی ساڵی 2023دا خەرجییەکانی بەکاربردنی خەڵک بە رێژەی 15.6% زیادیکردووە، وەکو پێوەرێکی قەبارەی زنجیرەیی بەراورد بە هەمان چارەکی ساڵی پێشوو، هەروەها خەرجییەکانی بەکاربردنی حکومەت بە رێژەی 5.3% زیادیکردووە، لە کاتێکدا پێکهێنانی سەرمایەی جێگیر بە رێژەی 5.1% زیادیکردووە.
هاوردەکردنی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان بە رێژەی 20.3% زیادیکردووە، لە بەرامبەردا هەناردەکردن بە رێژەی 9% کەمیکردووە.
لەسەر بنەمای کەرتی، داتاکان دەریانخستووە سەرەڕای بچووکبوونەوەی پیشەسازی لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا، گەشەی خزمەتگوزارییەکان سەرنجی راکێشاوە.
لە چارەکی دووەمدا کەرتە خزمەتگوزارییەکانی دیکە 6.6%، کەرتی خزمەتگوزارییەکان 6.4%، کەرتی بیناسازی 6.2%، کەرتەکانی کارگێڕی گشتی، پەروەردە، تەندروستی مرۆیی و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان 5.1%، کەرتی دارایی و بیمەییەکان 4.9%، کەرتی خانووبەرە بە رێژەی 3.2%، کەرتی زانیاری و پەیوەندی بە رێژەی 1.3% و کەرتی کشتوکاڵ بە رێژەی 1.2% زیادیان کردووە.
پیشەسازی 2.6%؛ چالاکییە پیشەیی و کارگێڕی و خزمەتگوزارییە پاڵپشتییەکان بە رێژەی 1.2% کەمیکردووە. بەم شێوەیە لە چارەکی سێیەمی لەسەریەکدا کەمبوونەوەیەک لە پیشەسازیدا تۆمار کراوە.
محەممەد شیمشەک، وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا ئەمڕۆ پێنجشەممە 31ی ئاب رایگەیاند، "دەستمانکرد بە بینینی کاریگەرییە ئەرێنییەکانی ئەو سیاسەتە ئابوورییەی کە لەسەر بنەمای سەقامگیریی دارایی جێبەجێمان کرد."
محەممەد شیمشەک ئاماژەی بەوەش دا، "ئێمە بەردەوام دەبین لە هەنگاوە پێویستەکان بۆ دڵنیابوون لەوەی ئەم کاریگەرییانە هەمیشەیی بن و سەقامگیری مسۆگەر بێت. کاری لەپێشیەمان ئەوەیە، ئەو زیادبوونی خۆشگوزەرانییەی کە لە رێگەی گەشەسەندنی هاوسەنگ و بەردەوامەوە بەدەست دێت، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە لەگەڵ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگاوە هاوبەش بکرێت."