یاریدەدەری سەرۆکی هوداپار بۆ رووداو: هەوڵ بۆ گۆڕینی دەستوور و بەفەرمیکردنی زمانی کوردی دەدەین

رووداو دیجیتاڵ

یاریدەدەری سەرۆکی گشتی و گوتەبێژی هوداپار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوان بەردەوامن لە هەوڵی گۆڕینی دەستووری تورکیا و بەفەرمیکردنی زمانی کوردی.
 
دوای ئەوەی لە سیستمی تەندروستیی تورکیادا پێنج زمان کارا کران، کە زمانی کوردیی تێدا نییە، کاردانەوە لەلایەن پارتی سیاسی، کۆمەڵە، رێکخراو و هاونیشتمانیان بەردەوامە. ئەو زمانانە بۆ سیستمی ئۆنڵاین زیادکراون بۆ ئەوەی نەخۆش بتوانن بە ئاسانی رەچەتەی خۆیان وەربگرن.
 
فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستیی تورکیا رۆژی 26ـی ئابی 2023 لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سۆشیاڵمیدیا، رایگەیاند، پێنج زمان بۆ سیستەمی "رەچەتەی ئەلیکترۆنیم - E-Reçetem'' زیاد کراوە.
 
کۆجا ئاماژەی بەوە دا زمانەکانی ئینگلیزی، ئەڵمانی، عەرەبی، فەرەنسی و رووسی کاراکراون و بەردەستن.
 
بەرامبەر کاردانەوەکان فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستیی تورکیا رایگەیاند "ئەو زمانانە بۆ ئاسانکاریی بیانییەکان دانراون. هاووڵاتییانی تورکیا دەتوانن داواکارییەکانیان بە زمانی تورکی بگەیێنن."
 
پارتی چەپی سەوز (یەسەپە) و هوداپار دوو لەو پارتانە بوون لەنێو پەرلەمانی تورکیادا ناڕەزاییان سەبارەت بەو پرسە نیشاندا. 
 
ئەگەرچی یەسەپە وەکو پارتێکی سەربەخۆ و هوداپار وەکو هاوپەیمانی جمهوور و لەژێر سایەی ئاکپارتی چوونەتە پەرلەمان، بەڵام لەم پرسە نەتەوەییەدا کە تایبەتە بە زمانی کوردی، هاودەنگن.
 
سەرکان رامانڵی، یاریدەدەری سەرۆکی گشتی و گوتەبێژی هوداپار چوارشەممە (30-8-2023) بەشداریی لە بووڵتەنێکی هەواڵیی تۆڕی میدیایی رووداو کرد و وەڵامی چەند پرسیارێکی لەمبارەیەوە دایەوە. رامانڵی رایگەیاند، کوردی زمانی ئەوانە و هوداپاریش لەسەر سێ شت هەڵوەستەی گرنگ دەکات و داکۆکی دەکات، کە یەکەمیان باوەڕی ئیسلامە، دووەمیان ناسنامەی کوردییە و سێیەمیشیان خزمەتکردنی شارەکانە. 
 
سەبارەت بە دانانی پێنج زمان لە سیستمی رەچەتەی خزمەتخوازان لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی تورکیاوە، سەرکان رامانڵی گوتی "سیستم، ئەمڕۆ قبووڵناکات زمانی کوردی ببێتە زمانێکی فەرمی. ئەگەرچی ملیۆنان کەس لەم وڵاتەدا بەم زمانە قسە دەکەن، بەڵام بەداخەوە ئەم زمانە لە شوێنی فەرمیدا بەکارنایەت. کاتێک ئێمە دەڵێین با زمانی کوردی بەکاربێت، دەڵێن ئەو زمانە فەرمی نییە و نابێت لەو شوێنی فەرمیدا بەکاربهێندرێت."
 
سەبارەت بەو وەڵامەی وەزیری تەندروستیی تورکیا کە دەڵێت، کوردی زمانی بیانی نییە، رامانڵی گوتی "ئەوان دەڵێن ئەو خزمەتگوزارییەی وەزارەتی تەندروستی ئاسانکارییە بۆ بیانییەکان، دەڵێن زمانی کوردی زمانی بیانی نییە و زمانی هاووڵاتییانە. باشە ئەگەر ئەم زمانە زمانی خۆمانە، چیت بۆی کردووە؟"
 
پێشتریش هوداپار زۆر جار داوای کردووە تورکیا لەڕێی دەستوورێکی تەواو سڤیلەوە زنجیرەیەک گۆڕانکاری بکات. یەکێک لەو گۆڕانکارییانە بەفەرمیکردنی زمانی کوردییە. ئەمە لەکاتێکدایە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاش لەگەڵ گۆڕینی دەستوورە و ئەم دەستوورەی ئێستا بە [بەرهەمی کودەتا] ناودەبات.
 
سەرکان رامانڵی، یاریدەدەری سەرۆکی گشتیی هوداپار لەمبارەیەوە گوتی "ئامادەکاریمان سەبارەت بە گۆڕینی دەستوور کردووە. پارتی سیاسیی دیکەش ئامادەکارییان کردووە، بەڵام تائێستا زەمینەسازی نەکراوە. لەگەڵ ئەوەداین هەوڵەکان بەردەوام بن. هوداپاریش دەیەوێت دەستوورێکی سڤیل و دادپەروەر لە تورکیا بنووسرێتەوە. بێگومان بۆ ئەمە پێویستی بە ئیرادەیەکی بەهێزی سیاسی هەیە. ئێمەش داوا لە تەواوی پارتە سیاسییەکان دەکەین تێکۆشان بۆ ئەمە بکەن، چونکە ئەمە تێکۆشانێکی زۆر گرنگە."
 
سەرکان رامانڵی رەتیکردەوە بەکارهێنان و قسەکردن بە زمانی کوردی ببێتە هۆکارێک بۆ دووبەرەکی و دابەشبوونی تورکیا. جەختیشی کردەوە داواکاریی هوداپار ئەوەیە زمانی کوردی هاوشێوەی زمانی تورکی ببێتە زمانێکی فەرمی. 
 
ماوەی شەش مانگە بابەتی قوتابخانەی تێکەڵاو یان جیا لەڕووی رەگەزەوە، لە باکووری کوردستان و تورکیادا رۆژەڤە. لەمبارەیەوە سەرکان رامانڵی رایگەیاند هوداپار لەگەڵ ئەوەدایە ئازادی لەم بابەتەدا هەبێت؛ با قوتابخانەی تێکەڵ هەبێت، بەڵام ئەوانەش دەیانەوێت منداڵەکانیان لە قوتابخانەی جیا [کوڕان یان کچان] بخوێنن، رێگرییان لێنەکرێت و رێز لە بۆچوونیان بگیرێت.
 
پارتی دۆزی ئازاد کە ناسراوە بە ھوداپار، پارتێکی ئیسلامیی سوننەی کوردییە و رۆژی 19-11-2012 دامەزراوە. تائێستا بەشداریی لە پێنج هەڵبژاردندا کردووە و زیاتر لە 11 هەزار و 500 ئەندامی هەیە. لە هەڵبژاردنی پەرلەمانییی تورکیا لە 2018 157 هەزار و 324 دەنگی هێنا، کە رێژەی 0.31%ـی دەنگەکانی تورکیا بوو. ئەوکات هوداپار نەیتوانی هیچ کورسییەک لە پەرلەمان مسۆگەر بکات، بەڵام لە هەڵبژاردنەکەی 14-5-2023 هوداپار لە ژێر چەتری هاوپەیمانیی جمهوور کە ئاکپارتی سەرکردایەتیی دەکات، بەشداری لە هەڵبژاردندا کرد  و چوار کورسیی لە پارێزگاکانی ئیستەنبووڵ، مێرسین، ئێلیهـ و دیلۆک بردەوە.