لە ئیستەنبووڵ تەقە لە بارەگای ئیی پارتی کرا
هەولێر دیجیتاڵ
لە ئیستەنبووڵ بە دەمانچە تەقە لە بارەگای ئیی پارتی کرا و هێشتا دیار نییە هێرشەکە لەلایەن کەسێک یان چەند کەسێکەوە ئەنجامدراوە.
هێرشەکە بەیانیی ئەمڕۆ، هەینی 31ـی ئاداری 2023 ئەنجامدراوە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام لە ئەنجامیدا گوللـە بە پەنجەرەی باڵەخانەی ئیی پارتی کەوتووە.
دوای ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان، ژمارەیەکی زۆر لە تیمەکانی پۆلیس چوونە شوێنی رووداوەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد.
مەراڵ ئاکشەنەر، سەرۆکی ئیی پارتی، دوای هێرشەکە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی توویتەر پەیامێکی ئاراستەی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی کرد.
ئاکشەنەر گوتی "لە سەردەمی دەسەڵاتی ئێوەدا؛ هەموو هێرشەکان بۆ سەر ماڵەکەم و هاوکارەکانم بێ سزا مانەوە. ئەمڕۆ هێرشێکی چەکداری کرایە سەر سەرۆکایەتیی پارێزگای ئیستەنبووڵمان، کاک رەجەب. بە ئەرکی خۆت هەستە و ئەو گوللانە راکێشە کە بەسەرماندا دێن، ئەگەر دەتەوێت بێیت، خۆت وەرە!".
سەرکردایەتی ئیی لە ئیستەنبووڵ لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، هێرشەکە لە کاژێرەکانی سەرەتای بەیانیدا روویداوە. دەڵێن "کە هاتینە بیناکە، بینیمان گوللـەیەک بە شووشەکە کەوتووە. گوللـەکە بەناو شووشەکەدا تێپەڕ بووە و بەر کورسییەکی ژوورەکە کەوتووە. هێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەدا دەکەن".
ئەکرەم ئیمامئۆغڵوو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سۆشیاڵ میدیا سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد، رایگەیاند، پێویستە ئەنجامدەرانی هێرشەکە بە زووترین کات دەستگیر بکرێن و دادگایی بکرێن.