ئەردۆغان سەردانی ئیمارات و قەتەر دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی ئیمارات و قەتەر دەکات، لە سەردانەکانیدا بەدوای زەمینە بۆ ئاگربەستی هەمیشەیی دەگەڕێت لە نێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەمڕۆ دووشەممە 30ـی تشرینی دووەمی 2023، سەردانی ئیمارات دەکات و لەگەڵ شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.
ئەردۆغان دوای کۆبوونەوەی دوو قۆڵی دەچێتە دوبەی، بەشداری 28ـەمین کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات و گوتارێکیش پێشکەش دەکات.
ئەردۆغان بەر لە گەڕانەوەی بۆ تورکیا، دەچێتە قەتەر و لە رۆژانی 4-5ـی کانوونی یەکەم لە دەوحە دەبێت.
چاوەڕوان دەکرێت تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکانی ئەردۆغان لە دەوحە، رەخساندنی هەلومەرجی گونجاو بێت بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستی کاتیی نێوان ئیسرائیل و حەماس بۆ ئاگربەستێکی هەمیشەیی، کە قەتەر رۆڵی نێوەندگیری لە هەڵپەساردنی ململانێکانی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا هەبووە.
ئەردۆغان رۆژی چوارشەممە 29ـی تشرینی دووەمی 2023، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان ئاماژەی بەوەدا، لە میانەی سەردانەکەی بۆ دوبەی لەگەڵ پرسەکانی کەشوهەوا، تاوتوێی دۆخی غەززە دەکەن و هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکەن کە دەکرێت چی بۆ خەڵکی غەززە بکرێت.
تورکیا بانگەشە بۆ "چارەسەری دوو دەوڵەتی و دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستینی دەکات کە لەسەر بنەمای سنوورەکانی ساڵی 1967 بێت و قودسی رۆژهەڵات پایتەختی وڵاتەکەی بێت و شانبەشانی ئیسرائیل بژین
ئەردۆغان دوایینجار لە مانگەکانی هاویندا سەردانی وڵاتانی کەنداوی کرد، هەلی وەبەرهێنانی ئەو وڵاتانەی لە تورکیا تاوتوێکرد و چەند رێککەوتنێکی لەگەڵ ئیمارات واژۆ کرد.
لەلایەکی دیکە، هێشتا کاتی سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ میسر کە لە کاتی گەڕانەوەی لە جەزائیر رایگەیاندبوو، روون نییە.