لە شارۆچکەیەکی تورکیا شەڕی باوکی بووک و زاوا زەماوەندێکی هەڵوەشاندەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە ئاهەنگێکی بووکگواستنەوە لە شارۆچکەی گەبزەی سەر بە پارێزگای کۆجائەلی-ی تورکیا، شەڕ لە نێوان ماڵی زاوا و ماڵی بووک دروست بوو و بەهۆیەوە ئاهەنگەکە هەڵوەشایەوە. 
 
لەو کاتەی کەژاوەی بووک و زاوا بەرەو هۆڵی ئاهەنگەکە بەڕێکەوت، چەند ناکۆکییەک لە نێوان ماڵی بووک و ماڵی زاوا دروستبوو. 
 
دواتر دۆخەکە پەرەیسەند و دەمەقاڵێ دروستبوو. بەتایبەتی باوکی بووک و باوکی زاوا زۆر تووڕە ببوون و شەڕ لە نێوانیان روویدا.
 
لە ناوەڕاستی شەقام ئۆتۆمبیلیان وەستاند و شەڕەکەیان گواستەوە بۆ نێوانی شەقامەکە. 
 
بووک و زاوا تووشی شۆک بوون کاتێک بینیان باوکیان بەوجۆرە کەوتوونەتە نێو شەڕ.
 
هەرچەندە زاوا هەوڵیدا دۆخەکە ئارام بکاتەوە و داوای دەکرد لەبەر خاتری ئەو و بووکەخان ئەو شەڕە بوەستێنن، بەڵام کەس گوێی لە زاوا نەگرت و دواجار شەڕەکە روویدا.
 
باوکی بووک و باوکی زاوا چەند بۆکسێکیان لەیەکدی وەشاند، بووکە خان رادەستی ماڵی زاوا نەکرا. 
 
بووک بە جلی بووکێنییەوە رەوانەی ماڵی باوکی کرایەوە و زاواش بە دەستی بەتاڵی گەڕایەوە ماڵەوە.
 
ئاهەنگەکە هەڵوەشایەوە و بەگوێرەی گوتەی خزمانیان زاوا دەستی بە تەلەفۆن بۆ ریشسپییانی هەردوولا کردووە و داوای لێکردوون ئارام بگرن.