یانەی ئامەدسپۆر بەهۆی بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان لەلایەن هاندەرانیەوە سزادەدرێت
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دیسپلینی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا بەهۆی ئەو رووداوانەی لە یارییەکەی نێوان ئامەدسپۆر و بورساسپۆردا روویدا، ئامەدسپۆری بە ئەنجامدانی دوو یاری بەبێ ئامادەبوونی هاندەران و پێبژاردنی 140 هەزار لیرە سزا دا.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی بڕیارەکانی دەستەی دیسپلینی تۆپی پێی لەبارەی ئامەدسپۆر بڵاوکردەوە.
ئامەدسپۆر بەهۆی ئەو رووداوانەوە کە هاندەرانی یانەکە هۆکاری بوون دەبێت دوو یاری بەبێ ئامادەبوونی هاندەرانی بکات و 140 هەزار لیرەش سزا بدرێ، هەروەها سزای ئاگادارکردنەوەیان پێدرا.
ئێوارەی رۆژی یەکشەممەیە 25ی ئەیلوولی 2022 یانەی تۆپی پێی ئامەدسپۆر لە خولی یانە پلە دووەکانی تورکیا میوانداریی یانەی بورساسپۆری کرد.
یارییەکە لە کەشێکی پڕ لە جۆش و خرۆشدا بەڕێوەچوو، ئامەدسپۆر یارییەکەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە.
یاریزانانی بورساسپۆر کە بەبێ ئامادەبوونی لایەنگرانیان یارییان کرد، دوای ئەوەی یارییەکەیان دۆڕاند بە گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنی یاریگاکەیان جێهێشت.
لە کاتی یارییەکەدا بەشێک لە هاندەرانی ئامەدسپۆر ئاڵای کوردستانیان بەر کردەوە و ئەو تیشێرتانەیان پۆشیبوو کە وێنەی قازی محەممەد و ژینا ئەمینی لەسەر چاپکرابوو.
دوای یارییەکە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا رایگەیاند لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن و لە تویتێکدا نووسی: "ئەم ئێوارەیە و لەو یارییەی لە دیاربەکر کرا، سەرەڕای هەموو ئەو رێوشوێنە ئەمنییانەی گیرانەبەر، ئەو دیمەنانەی بە جەستەیانەوە پێچایان و خستیانە نێو یاریگە، هەوڵێکی دنەدان بوو".
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا چەندین هاونیشتمانی دەستبەسەرکران و رۆژی دواتر دوای وەرگرتنی گوتەکانیان ئازادکران.