هاوسەرۆکانی رێکخستنەکانی دەم پارتی لە وان دەستبەسەر کران

 
رووداو دیجیتاڵ

لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان، هاوسەرۆکانی رێکخستنەکانی دەم پارتی لە وان و ژمارەیەک ئەندام و بەرپرسی دیکەی ئەو پارتە دەستبەسەر کران.
 
ئۆپەراسیۆنەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 30ی تەممووز لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی پارێزگاکە کرا.
 
هێزە ئەمنییەکانی پارێزگاکە لەسەر راسپاردەی داواکاری گشتیی وان، لە یەک کاتدا هەڵیانکوتایە سەر چەندین ماڵ. لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا هەریەک لە وەیسی دیلەکچی و گولشەن کورت هاوسەرۆکانی رێکخستنەکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان - دەم پارتی لە وان و ژمارەیەک ئەندام و بەرپرسی دیکەی ئەو پارتە دەستبەسەر کران.
 
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئێوارەی رۆژی دووشەممە 29ی تەممووز پۆلیسی وان هەڵیانکوتایە سەر خۆپێشاندانی بەردەم بارەگای دەم پارتی کە لە دژی دەستگیرکردنی گەنجانی کورد بەهۆی شایی و هەڵپەڕکێ رێکخرابوو.
 
بەگوێرەی میدیای خۆجێی وان، ژمارەیەک لە بەشداربووانی رێپێوانەیان دەستگیرکردووە. بەشێک لە کەسانە لە نێو بارەگای دەم پارتی لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراون.