لە ئیستەنبووڵ هێرشکرایە سەر دووکانێکی مەیفرۆشتن و دوو کەس کوژران
رووداو دیجیتاڵ
لە ناوچەی ئەسەنیورت لە ئیستەنبووڵ چوار کەس هێرشیانکردە سەر دووکانێکی مەیفرۆشتن، دوو کەسیان کوشت و کەسێكی دیکەیان بریندارکرد.
رووداوەکە کاژێر 00:15 خولەکی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە لە دووکانێکی مەیفرۆشتن لە شەقامی محەممەد عاکیف ئەرسۆی لە ناوچەی ئەسەنیوت ـی ئیستەنبووڵ روویدا. پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پۆلیسی ئیستەنبووڵ یەکێك لە هێرشکارەکانی دەستبەسەر کرد و هەوڵەکان بۆ دەستبەسەرکردنی سێ هێرشکارەکەی دیکە بەردەوامن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆلیس، چوار کەس بە ناوەکانی "م. ئـ"، "ئا. ئـ"، "ت. ئـ" و "س. ئـ" هێرشیان کردووەتە سەر دووکانەکە کە سێ کەسی تێدا بووە.
بەپێی تۆمارەکانی کامێرای چاودێریی نێو دووکانەکە، ئەو چوار کەسە سەرەتا لەگەڵ دووکاندارەکە دەبێتە دەمەقاڵەیان و هێرشی دەکەنە سەر و دواتر دەمانچە رادەکێشن و تەقە دەکەن.
لە هێرشەکەدا باتوهان بایندر ـی تەمەن 20 ساڵ و یونس ئەمرە ئەرزن ـی تەمەن 24 ساڵ گیانیان لەدەستدا و یوسف ئەرزن ـی تەمەن 21 ساڵ بریندار بوو.
دوای هێرشەکە، چوار تۆمەتبارەکە بە ئۆتۆمبێلەکەی خۆیان هەڵاتوون.
یەکێک لە تۆمەتبارەکان دوای ئەوەی دەستبەسەرکرا و لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئەسەنیورت لێپرسینەوەی لەگەڵدا کرا، گواسترایەوە بۆ دادگە.
سێ تۆمەتبارەکەی دیکە هێشتا دەستبەسەر نەکراون و تیمەکان بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ دەستبەسەرکردنیان.