وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا: بەهۆی ئاگرەوە 6900 هێکتار پاوان و دارستان سووتاون
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا رایگەیاند، بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرەوە، شەش هەزار و 900 هێکتار پاوان و دارستان سووتاون.
ئیبراهیم یوماکڵی، وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا رۆژی شەممە، 29ـی تەممووزی 2023 لە شاری کۆنیا رایگەیاند، لە یەک هەزار و 22 رووداوی ئاگرکەوتنەوەدا کە ئەمساڵ لە سەرتاسەری تورکیا روویانداوە، نزیکەی شەش هەزار و 900 هێکتار دارستان و پاوان سووتاون.
یوماکڵی گوتی، "تەنیا لە پێنج هەزار و 800 هێکتاری ئەم رووبەرەدا 18 رووداوی ئاگرکەوتنەوە هەبووە، لەو 18 رووداوە 17یان لە رۆژانی 10-18ـی تەممووز روویانداوە".
سەبارەت بە هۆکاری ئاگرەکانیش، وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا ئاشکرای کرد، نزیکەی 90٪ـی ئاگرەکان بەهۆی مرۆڤەوە بووە و گوتی، "وەزارەتەکەمان بەردەوامە لە لێکۆڵینەوەکانی، بەڵام تائێستا لەبارەی کەوتنەوەی ئاگرەکانی ئەمساڵ، هیچ هۆکارێکی پەیوەندیدار بە تیرۆرەوە نییە".
لەلایەکی دیکەوە ئۆکان هانچەر، بەرپرسی لقی ئانتاڵیای ژووری ئەندازیارانی نەخشە و تاپۆ لەبارەی ئاگری دارستانەکانی شارۆچکەی کەمەر لە ئانتاڵیا کە دوای نزیکەی یەک هەفتە کۆنترۆڵکرا، رایگەیاند، بەهۆی ئەو ئاگرەوە نزیکەی 800 هێکتار دارستان و پاوان سووتاوە، رووبەری، کە هاوتایە لەگەڵ قەبارەی 1120 یاریگای تۆپی پێ.