پۆلیسی ئانتاڵیا رێگری لە گوتنی گۆرانیی کوردی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ئانتاڵیای تورکیا، گرووپێک کە لەسەر شەقام بە زمانی کوردی گۆرانییان دەگوت، لەلایەن پۆلیس و بەشێک لە دووکاندارەکانەوە رێگرییان لێکرا، هاووڵاتییان لە بەرامبەر رێگرییەکانی پۆلیسدا ناڕەزاییان دەربڕی.
رووداوەکە ئێوارەی یەکەم رۆژی جەژنی قوربان لە شارۆچکەی مورادپاشای سەر بە پارێزگای ئانتاڵیا روویدا و رۆژی دواتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکانی تورکیا بڵاوکرایەوە.
لە شوێنی رووداوەکەدا پۆلیس گوتوویەتی، گۆرانیگوتن بە کوردی قەدەخەیە، لەبەرامبەردا هاووڵاتییان ناڕەزایی دەردەبڕن و دەڵێن، "لەم وڵاتە هەموو جۆرە میوزیکێک رێگەپێدراوە."
ئەو هاووڵاتییانەی لە شوێنی رووداوەکە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە رێگری پۆلیس نیشان دەدەن، دەڵێن: "دەکرێت میوزیکی سەر شەقام هەبێت، دەکرێت میوزیکی کوردی هەبێت، دەکرێت میوزیکی تورکی هەبێت."