سەلاحەدین دەمیرتاش سوپاسی 82 پارێزەری رۆژئاڤای کوردستان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
82 پارێزەری رۆژئاڤای کوردستان، لە نامەیەکی هاوبەشیاندا، کە بۆ یەکێتیی ئەورووپا و نەتەوە یەکگرتووەکانیان ناردووە، داوای ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە دەکەن.
دوای ناردنی ئەم نامەیە، دەمیرتاش لە زیندانی ئێدرنەوە بە نامەیەک سوپاسی بۆ ئەو پارێزەرانە ناردووە: "گەر بە جەستە لە زیندانیش بین، دڵ و رووحمان لەگەڵ گەلەکەمانە، کە بەردەوامن لە بەرخۆدان. برایانی خۆشەویشتم و هاوپیشە بەڕێزەکانم، من زۆر دڵخۆشم بەهۆی ئەو هەڵوێستەی نیشانتانداوە بۆ داوای ئازادکردنی من و ئەو هاوکارانەم کە بەهۆکاری سیاسی خراونەتە زیندان".
دەمیرتاش لە نامەکەیدا نووسیویەتی: "ئەوانەی بەرخۆدانی کۆبانێیان پێ هەرس نەکرا؛ دژی بەربەرێتیی داعش و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤایەتی، دەستیان داوەتە تۆڵە. بەڵام لەپاڵ گەلەکەمان بەیەکەوە بە درێژەدان بە بەرخۆدانەکانمان ئەو هەوڵە تۆڵەستێنەشیان بە هەدەر دەدەین. بۆیە سوپاسی یەکە بە یەکەتان دەکەم و بە هیوای ئەوەی لە داهاتوویەکی ئازاددا بەیەک شاد ببینەوە".
رۆژی 16ـی ئایار، 83ـەمین دانیشتنی پرۆسەی دادگەییکردنی 108 تۆمەتبار لە دۆسیەی کۆبانی، لەلایەن دادگەی سزا قورسەکانی سینجان لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو. لە دانیشتنەکەدا وەک چاوەڕوان دەکرا، دەستەی دادوەران بڕیاریان لەسەر تۆمەتباران دا.
دەستەی دادوەران، بڕیاری سزاکانیان لە دژی تەواوی تۆمەتبارەکان خوێندەوە کە لە 130 لاپەڕە پوخت کرابووەوە. قورسترین سزا بەسەر سەلاحەدین دەمیرتاش، سیاسەتڤانی کورد و هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپەدا سەپێنرا کە 42 ساڵ زیندانیکردنە. هەروەها ئەحمەد تورک، سەرۆکی شارەوانیی مێردین بە 10 ساڵ بەندکردن سزادرا
رووداوەکانی کۆبانێ لە رۆژانی 6 - 8ی تشرینی یەکەمی 2014 روویاندا. دوای ئەوەی داعش لە ساڵی 2014 هێرشی کردە سەر کۆبانێ، هەدەپە و ژمارەیەک لە پارتە کوردییەکانی دیکەی باکووری کوردستان داوایان لە حکومەتی ئەو کاتەی تورکیا کرد رێگە بە ناردنی چەک و هاوکاریی دیکەی سەربازی لە تورکیاوە بۆ شەڕڤانان بدات، بەڵام ئەنقەرە رەتیکردەوە.
لە چەند شارێکی باکووری کوردستان خۆپێشاندان دەستیپێکرد، حکومەتیش بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان قەدەخەی هاتووچۆی راگەیاند.
گرژییەکان زیادبوون و لە ئەنجامدا 46 سڤیل و پۆلیس کوژران، 682 کەس لە خۆپێشاندەران و پۆلیس بریندار بوون، 323 کەس دەستگیرکران و هەزار و 113 باڵەخانە سووتێندران.
حکومەتی تورکیا رۆژی 4ی کانوونی دووەمی 2016 ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی بۆ سەر هەدەپە دەستپێکرد، هاوسەرۆکان و ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتارانی ئەو پارتە دەستبەسەرکران و دواتر بەبڕیاری دادگە، خرانە زیندانەوە.
یەکەم دانیشتنی دادگە لەسەر ئەو دۆسیەیە رۆژی 26ـی نیسانی 2021 لە 22ـەمین دادگەی سزا قورسەکانی سینجان لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.