هەڵبژاردنی شارەوانیی ئیستەنبووڵ.. تاقیکردنەوەیەک بۆ ئەردۆغان

 
رووداو دیجیتاڵ

ئیستەنبووڵ، شاری فرەڕەنگی و شوێنی بەیەکگەیشتنی مێژوو و سەردەم و دوو کیشوەر، جارێکی دیکە دەبێتە چەقی رکابەرییەکی گەرمی سیاسی. یەکشەممە هەڵبژاردنی شارەوانییە؛ پەڕۆ و پۆستەری رەنگاوڕەنگی پارتەکان، نیشاندەری ئەو رکابەرییە سەختەیە کە لەسەر ئیستەنبووڵ دەکرێت.
 
ئەمرە ئەردۆغان، مامۆستای زانکۆی بیلگی دەڵێت، "بەرەی رەجەب تەیب ئەردۆغان هەیە کە بەرەیەکی نەتەوەپەرستی ئایینیی نەریتخوازە. هەروەها ئۆپۆزیسیۆن و بزووتنەوەیەکی بچووکی نەتەوەپەرستیی کوردیشمان هەیە کە رێژەکەی دەکاتە 10%."
 
لە هەڵبژاردنی پێشوودا لە ساڵی 2019، هاوپەیمانیی پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان توانیی گەورەترین شاری تورکیا لە دەستی ئاکپارتی فەرمانڕەوا دەربهێنێت؛ بەڵام ئەمجارە پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن تاک تاک بەشدارن و هەریەکەیان بەربژێرێکی هەیە.
 
ئاکپارتی دەیەوێت ئەمجارە گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ لە جەهەپە وەربگرێتەوە. بەربژێرانی ئاکپارتی و جەهەپە زۆر بەڵێنیان بە دەنگدەرانیان داوە، لەوانەش بەهێزکردنی ژێرخانی بیناسازیی ئیستەنبووڵ بۆئەوەی بەرگەی بوومەلەرزە وێرانکەرەکان بگرێت، ئەگەر روویاندا.
 
گونگۆر ئوگراج، لایەنگری ئاکەپە دەڵێت، "خوا نەکا بوومەلەرزە لە بێشکتاش رووبدات، تەختی زەوی دەبێت. بۆیە پێویستە یەکسەر دەنگ بە مورات کوروم بدەین. پێویستە ئیستەنبووڵ ببووژێنینەوە."
 
ئەیسەل کاینار، لایەنگری جەهەپە دەڵێت، "ئاسوودەم بە شارەدار ئەکرەم. کاری زۆر باشی کردووە و بەڵێنەکانی بەجێگەیاندوون."
 
بەڵام ئەمجارە ئەکرەم ئیمامۆغڵو بێ پشتیوانیی دەمپارتیی کوردی یان ئیی پارتیی نەتەوەپەرست، رووبەڕووی بەربژێرەکەی ئاکەپە دەبێتەوە. دەنگی کورد کە 10%ی دەنگدەرانی شارەکە پێکدەهێنن، رۆڵێکی گرنگی دەبێت لەوەی هاوکێشەکە لە بەرژەوەندیی کێ کۆتایی پێبێت.
 
ئیستەنبووڵ کە خاوەنی 18%ی دانیشتووانی تورکیا و بودجەیەکی زەبەلاحە، گرنگییەکی یەکجار گەورەی لە سیاسەتی تورکیادا هەیە.
 
بردنەوەی ئیستەنبووڵ بۆ جەهەپە گرنگییەکی زۆری هەیە، بەتایبەت دوای شکستی ئەو پارتە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتیی ئایاری رابردوودا؛ دۆڕاندنیشی پیشاندانی زیاتر لاوازیی جەهەپە و مانەوەی ئاکپارتییە لە ترۆپکی دەسەڵات کە لە ساڵی 2002ەوە کاروباری تورکیا بەڕێوەدەبات.