ئیستەنبووڵ.. دانیشتنی دادگە لەسەر دۆسیەی ئەو منداڵە دەستپێدەکات کە بە شەش ساڵی هاوسەرگیری پێکرابوو
رووداو دیجیتاڵ
لە ئیستەنبووڵ یەکەمین دانیشتنی دادگە لە دۆسیەی ئەو منداڵەی کە لە تەمەنی شەش ساڵیدا هاوسەرگیری پێکرابوو، بە ئامادەبوونی هاوژین و باوکی خۆی بەڕێوەدەچێت.
دانیشتنی دادگە لەسەر دۆسیەیەی ئەو منداڵە کە لە تەمەنی شەش ساڵیدا هاوسەرگیری کردووە کاژێر 10:00ی ئەمڕۆ دووشەممە 30ی کانوونی دووەمی 2023 لە دووەمین دادگەی سزا قورسەکانی ئەنادۆڵ لە ناوچەی کارتاڵی ئیستەنبووڵ دەستپێدەکات.
داواکاری گشتی لە چوارچێوەی دۆسیەکەدا دوای 30 ساڵ زیندانیکردنی قادر ئیستەکلی، هاوژینی کچە منداڵەکە و 18 ساڵ زیندانیکردنی یوسف زیا گوموشئەل باوکی کچەکە و فاتمە گوموشئەل دایکی کچەکەی کردووە.
چاوەڕوان دەکرێت هەریەک لە قادر ئیستەکلی هاوژین و یوسف زیا گوموشئەل باوکی منداڵەکە کچەکە کە ئێستا لە زیندانن لە رێگەی سیستەمی دەنگ و رەنگ بەشداری لە دانیشتنەکەی دادگە بکەن.
لەسەر داواکاریی وەزارەتی دادی تورکیا، دانیشتنی دادگە لەسەر ئەو دۆسیەیە بە داخراوی دەبێت و پەخشکردنی قەدەخەیە. ئەم داواکارییەی وەزارەتی داد مشتومڕی ناوەتەوە و بەشێک لە پارێزەران و رێکخراوە مەدەنییەکان کە بەهۆی ئەو بڕیارەوە رێگەیان پێنەدراوە ئامادەی دانیشتنەکەی دادگە بن، پێیان وایە ئامانج لەو بڕیارە رێگریکردنە لە دروستبوونی رای گشتی و بۆ ئەوەیە خەڵکی ئەو رووداوە لەبیربکەن.
ئەو دۆسیەیە لە کانوونی یەکەمی 2022 لەسەر داواکاری "هـ. ک. گ." لە دادگەی ئیستەنبووڵ تۆمارکرا کە لە تەمەنی شەش ساڵیدا لەگەڵ قادر ئیستەکلی تەمەن 29 ساڵی هاوسەرگیری کردبوو.
ئەو منداڵە دوای چەندین ساڵ، لە 2021 دا لە هاوژینەکەی جیابووەوە و لە دادگەی ئیستەنبووڵ بە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی سکاڵای تۆمارکرد. رووداوەکە رۆژی سێی کانوونی یەکەم ئاشکرابوو و کاردانەوەی زۆری بەدواداهات.
یوسف زیا گوموشئەل ـی باوکی کچەکە، یەکێکە لە دامەزرێنەرانی وەقفی هیرانوور کە سەر بە جەماعەتی ئیسماعیل ئاغایە. ساڵی 2002 کاتێك کچەکەی شەش ساڵان بووە لە موریدێکی خۆی کە تەمەنی 29 ساڵ بووە مارە کردووە. کچەکەی لە تەمەنی 17 ساڵی بووەتە دایک و دوای ئەوەی تەمەنی گەیشتووەتە 18 ساڵ، بە تۆماری فەرمی هاوسەرگیری بۆ کراوە.
ئەم رووداوە جارێکی دیکە جەماعەتە ئایینییەکانی لە تورکیا خستووەتەوە بەرباس. لە تورکیا هەندێک لە جەماعەتە ئایینییەکان لەلایەن دەوڵەتەوە پشتگیری دەکرێن.
بەگوێرەی توێژینەوەیەک لە تورکیا 800 قوتابخانەی کارای ئایینی ھەن کە زۆربەیان لە باکووری کوردستانن. هەروەها لە تورکیا 10 ھەزار و 53 قوتابخانەی تایبەت ھەن کە سێیەکیان سەر بە جەماعەتە ئایینییەکانن و زیاتر لە 200 ھەزار منداڵ، مێرمنداڵ و گەنج لەو قوتابخانانەدا دەخوێنن.