هەشتەمین دانیشتنی دادگە بۆ دۆسیەی کوژرانی تاهیر ئەڵچی بەڕێوەدەچێت

رووداو دیجیتاڵ

هەشتەمین دانیشتنی دادگە لەسەر دۆسیەی کوشتنی تاهیر ئەڵچی، سەرۆکی پێشووی بارۆی ئامەد بەڕێوەدەچێت. 
 
دانیشتنەکەی دادگە لەسەر ئەو دۆسیەیە کاژێر 10:00ـی بەیانی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 29ـی تشرینی دووەمی 2023) لە 10ـیەمین دادگەی سزا قورسەکانی ئامەد دەستیپێکرد. 
 
هەریەک لە تورکان ئەڵچی، هاوژینی تاهیر ئەڵچی؛ ئەرینچ ساغکان، سەرۆکی یەکێتیی بارۆکانی تورکیا؛ کۆمەڵەی پارێزەران بۆ ئازادی؛ ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (هەدەپ) و پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) و ژمارەیەک لە نوێنەرانی رێکخراوە ناحکومییەکان ئامادەن. 
 
بەهۆی بچووکیی ژووری دانیشتنەکەوە، رێگە بە ژمارەیەکی سنووردار لە ئامادەبووان درا بچنە ژوورەوە. 
 
تاهیر ئەڵچی، سەرۆكی پێشووی بارۆ - ژووری پارێزەرانـی ئامەد هەشت ساڵ بەر لە ئێستا لە 28/11/2015 لە تاوانێكی بكەرنادیاردا کرایە ئامانج.
 
کاتێک ئەڵچی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا داوای ئاشتی و راگرتنی شەڕی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیای دەکرد، تەقەی لێکرا و تیرۆرکرا.
 
لە 23ـی حوزەیرانی 2017ـدا راپۆرتی لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکە ئامادەکرا، بەڵام دوای تێپەڕبوونی حەوت ساڵ بەسەر کوژرانی ئەڵچی و لە نیسانی ساڵی 2022، راپۆرتەکە خرایە نێو دۆسیەکەی. 
 
بەگوێرەی راپۆرتەکە، کوشتنی تاهیر ئەڵچی پێشتر پلانی بۆ دانەڕێژرابوو. محەممەد ئەمین ئاکتار، پارێزەری دۆسیەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە راپۆرتەکەدا ئاماژە هەن کە تاهیر ئەڵچی لەلایەن پۆلیسەوە کوژراوە. 
 
یەکەمین دانیشتنی دادگە لەسەر دۆسیەی تاهیر ئەڵچی دوای تێپەربوونی نزیکەی پێنج ساڵ بەسەر کوژرانیدا رۆژی 21ـی تشرینی یەکەمی 2020، لە 10ـیەمین دادگەی سزا قورسەکانی ئامەد بەڕێوەچوو. لەو دۆسیەیەدا کە ئەمڕۆ دانیشتنەکەی بەڕێوەدەچێت، چوار تۆمەتبار دادگایی دەکرێن کە سێیان پۆلیسن.