راپرسییەکی مێترۆپۆل: لە 40٪ـی خەڵکی تورکیا خوازیارن لە دەرەوە بژین

رووداو دیجیتاڵ 

بەگوێرەی دوایین راپرسی کۆمپانیای مێترۆپۆڵ MetroPOLL، لە چوارییەکی دانیشتووانی تورکیا خوازیارن لە دەرەوەی تورکیا بژین و بخوێنن. 

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2023، ئۆزەر سانجار، بەڕێوەبەری کۆمپانیای مێترۆپۆڵ کە بە بەناوبانگترین کۆمپانیای ئەو وڵاتە لەبارەی راپرسییەکان دادەنرێت، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس(تویتەری پێشوو) بڵاویکردەوە، لە رۆژانی 10-16ـی تشرینی یەکەمی 2023، بەشێوەیەکی راستەوخۆ راپرسییەکیان لەگەڵ هەزار و 691 کەس لە 28 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان کردووە.  
 
ئۆزەر سانجار، نوسیوویەتی؛ پرسیارمان لە هاووڵاتییان کردووە، "حەزت بە خوێندن و نیشتەجێبوونە لە دەرەوەی تورکیا؟" لە وەڵامدا 39.1٪ بە بەڵێ و 56.4٪ بە نەخێر وەڵامیان داوەتەوە. هەروەها 4.5٪ـی بەشداربووانیش هیچ وەڵامێکیان نەبووە. 
 
ئۆزەر سانجار راشیگەیاند، هەمان پرسیارمان لە لایەنگرانی حیزب و لایەنە سیاسییەکان کردووە؛ ئەنجامی وەڵامی "بەڵێ"ـیان بەمشێوەیە بوو: هەدەپە 62.1٪، پارتی زەفەر 54.5٪، ئیی پارتی 50٪، جەهەپە 42.7٪، پارتی کرێکاری تورکیا 41.7٪، ئاکپارتی 28.4٪، مەهەپە 18.3٪، پارتی سەرلەنوێ خۆشگوزەرانی 10٪ بووە.   
 
بەڕێوەبەری کۆمپانیای مێترۆپۆڵ MetroPOLL، راشیگەیاند، بەپێی ئەنجامی ئەم راپرسییەمان، لە هەر 10 کەسێکدا چوارییان خوازیاری خوێندن و نیشتەجێبوونن لە دەرەوەی تورکیا.