دادگەیەکی تورکیا چوار سیاسەتڤانی هەدەپە سزا دەدات
رووداو دیجیتاڵ
دادگەی بورسای تورکیا سزای ساڵێک و شەش مانگ زیندانیکردنی بەسەر چوار سیاسەتڤانی پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپەدا سەپاند.
رۆژی پینجشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2023 پرۆسەی دادگاییکردنی ئاینور یڵماز و محەممەد ئاکباش، هاوسەرۆکانی رێکخستنەکانی هەدەپە لە بورسا و دوو بەرپرسی دیکەی هەدەپە و رۆژنامەڤان ئەمراهـ چاچان، لە هەشتەمین دادگەی تاوانەکانی بورسا بەڕێوەچوو.
ئەو پێنج کەسە کە بە تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ پەکەکە دراونەتە دادگە، پێشتر لەو دۆسیەیەدا بڕیاری بێتاوانیان درا، بەڵام بڕیارەکە هەڵوەشێندراوە و لە چوارچێوەی هەمان دۆسیەدا بۆ جاری دووەم درانە دادگە.
لەو دانیشتنەی دادگە کە بڕیاری کۆتایی لەسەر دۆسیەکەدا درا، رۆژنامەڤان ئەمراهـ چاچان، محەممەد ئاکباش هاوسەرۆکی رێکخستنەکانی هەدەپە لە بورسا، خاڵس شانلی هاوسەرۆکی پێشووی شارۆچکەی مودانیە لە دانیشتنەکەدا ئامادەبوون.
هەریەک لە ئاینور یڵماز و ئیسماعیل حەقی گۆکچە کە لە بەڕێوەبەرانی پێشووی هەدەپەن، ئامادەی دانیشتنەکە نەبوون.
دادگە بۆ هەر یەک لەو پێنج کەسە، سزای ساڵێک و شەش مانگ زیندانیکردنی دەرکرد.