هەڵگرتنی ڤیزە بەگوێرەی تەمەن بۆ هەڵگرانی پاسپۆرتی عێراقی لە رۆژنامەی فەرمیی تورکیادا بڵاوکرایەوە

رووداو دیجیتاڵ

بڕیاری هەڵگرتنی ڤیزە لەسەر بەشێکی هاونیشتمانیانی باشووری کوردستان و هاووڵاتیانی عێراق لە رۆژنامەی فەرمیی تورکیادا بڵاوکرایەوە. 
 
بڕیارەکە ئەمڕۆ (پێنجشەممە 29ـی ئاب) بە واژۆی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە رۆژنامەی فەرمیی ئەو وڵاتەدا بڵاوکرایەوە و لە یەکی ئەیلوولەوە کاری پێدەکرێت. 
 
لەسەر ئەو بنچینەیە؛ ئەو هاونیشتمانی و هاووڵاتیانەی باشووری کوردستان و عێراق کە خاوەنی پاسپۆرتی ئاسایین و تەمەنیان لە خوار 15 ساڵ و سەروو 50 ساڵە، لە یەکی ئەیلوولی 2024 ـەوە پێویست بەوە ناکات لە بەرامبەر وەرگرتنی ڤیزەی تورکیا، پارە بدەن. 
 
پارەى ڤیزەى گەشتیاران بۆ تورکیا لە 130 دۆلارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 200 دۆلار؛ نرخەکەى بەگوێرەى ماوەى مانەوە لەو وڵاتە دەگۆڕێت. 
 
لە شەش مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا نزیکەی 29 ملیۆن گەشتیار چوونەتە باکووری کوردستان و تورکیا. ئەڵمانیاییەکان لە پلەی یەکەم بوون بە 1.04 ملیۆن کەس، دوای ئەوان رووسیاییەکان بە 922 هەزار 294 کەس و بەریتانیاییەکانیش بە 660 هەزار و 906 کەس لە پلەی سێیەم هاتوون. 
 
ساڵانە دەیان هەزار هاونیشتمانیی باشووری کوردستان و هاووڵاتیی عێراقیش سەردانی باکووری کوردستان و تورکیا دەکەن.