دادگەی ئەنقەرە داوای ئاشکراکردنی گۆڕی شێخ سەعیدی پیران رەتدەکاتەوە
رووداو-هەولێر
دادگەی ئەنقەرە داوای ئاشکراکردنی شوێنی گۆڕی شێخ سەعیدی پیرانی رەتکردەوە کە 97 ساڵ بەسەر لە ئێستا لەگەڵ 46 هاوڕێیدا لە ناوەندی شاری ئامەد لە سێدارەدران.
دادگەی پێنجی کارگێڕی ئەنقەرە، رۆژی 28ـی حوزەیرانی 2022، ئەو داواکارییەی رەتکردەوە کە لەبارەی ئاشکراکردنی شوێنی گۆڕی شێخ سەعیدی پیران و هاوڕێکانی پێشکێش کرابوو.
دادگەی پێنجی کارگێڕی ئەنقەرە، بە هەڵسەنگاندنی داوای وەزارەتی ناوخۆ بۆ رەتکردنەوەی داوای داواکاران، داواکارییەکەی رەتکردەوە.
بارۆی ئامەد (سەندیكای پارێزەرانی ئامەد) و قاسم فورات، سەرۆکی کۆمەڵەی شێخ سەعید، کە نەوەی شێخ سەعیدی پیرانە، رۆژی 15ـی شوباتی 2022، داوایان لە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا كرد کە گۆڕی شێخ سەعید و هاوڕێکانی ئاشکرا بکات، کە ساڵی 1925 لە ئامەد لەسێدارەدران.
دوای ئەوەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا داواکارییەکەی رەتکردنەوە، قاسم فورات پرسەکەی گواستەوە بۆ دادگەی پێنجی کارگێڕیی ئەنقەرە و رۆژی 14ـی نیسانی 2022، دادگەی پێنجی کارگێڕیی ئەنقەرە داواکەی پەسندکردن.
دادگە رۆژی 28ـی نیسانی 2022، لەبارەی شوێنی گۆڕی شێخ سەعیدی پیران و 46 هاوڕێکەی لەماوەی 30 رۆژدا داوای زانیاری لە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا کرد، هەروەها داوایکرد، "کۆپییەک لە دۆسیەی مامەڵەکە بنێرێت کە هەموو زانیاری و بەڵگەنامەکانی پەیوەست بەو مامەڵەیەی تێدابێت".
شێخ سەعیدی پیران ساڵی 1865 لە ناوچەی پاڵووی خارپێت لەدایكبووە. یەكێكە لە شێخەکانی تەریقەتی نەقشبەندی، ساڵی 1925 لە پیران سەركردایەتی راپەڕینێكی كرد دژی دەوڵەتی توركیا و دوای ماوەیەكی كەم چەولیگ و خارپێتی کۆنترۆڵکرد. لە كۆتایی نیسانی هەمان ساڵ خۆی و 46 هاوڕێی دەستگیركران.
لە 26ـی حوزەیرانی 1925 لە تەمەنی 60 ساڵیدا لەگەڵ هاوڕێکانیدا لە گۆڕەپانی داغكاپی، كە ئێستا ناوەكەی گۆڕاوە بۆ مەیدانی شێخ سەعید، لەسێدارەدران. بەهۆی ئەوەی لە تۆمارە فەرمییەكان ئاماژەی پێنەكراوە، تاوەکو ئێستا نازانرێت لەكوێ بەخاکسپێردراوە.