گەنجێکی ئالوودەی هۆشبەر لە تورکیا دایک و باوکی خۆی کوشت

 
رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای ئیزمیری تورکیا گەنجێکی تەمەن 25 ساڵ بەناوی کامیل یڵماز بە دەمانچە دایک و باوکی خۆی کوشت و دواتر خۆی بریندار کرد.
 
رووداوەکە شەوی رابردوو لە شارۆچکەی تەپەکۆی سەر بە شارۆچكەی تۆرباڵی روویدا.
 
بە هۆکارێکی نادیار دەمەقاڵە لەنێوان کامیل یڵماز و دایک و باوکیدا روویدا. دواتر کامیل یڵماز تەقەی لە دایک و باوکی کرد و بە هەمان دەمانچەش تەقەی لە خۆی کرد.
 
لە ئەنجامی ئەو رووداوەدا سەڤیلای یڵمازی تەمەن 48 ساڵ و حیکمەت یڵمازی تەمەن 50 ساڵ گیانیان لەدەستدا و کامیل یڵمازیش بریندار بوو.
 
خوشکێکی کامیل تیمە تەندروستییەکان و هێزە ئەمنییەکانی لە رووداوەکە ئاگادار کردەوە.
 
دوای ئەوەی تیمەکان چوونە شوێنی رووداوەکە، کچەکەیان لە ماڵەکە بردە دەرەوە و کامیل یڵمازیان بۆ نەخۆشخانەی دەوڵەت گواستەوە.
 
دوای لێکۆڵینەوەکانی داواکاری گشتی لە شوێنی رووداوەکە، تەرمی دایک و باوکەکە بۆ داد پزیشکی ئیزمیر گوێزرانەوە. بەگوێرەی زانیارییەکان، کامیل یڵماز ئالوودەی مادەی هۆشبەرە.