لە تورکیا پارتێکی نوێ راگەیێندرا؛ سەرۆکەکەی هێرش دەکاتە سەر ئۆجەلان
رووداو دیجیتاڵ
یاڤوز ئاغرعەلیئۆغڵو کە پێشتر لە ئیی پارتی جیاببووەوە، پارتێکی بەناوی 'کلیک' دامەزراند و لە گوتاری دەسپێکدا بە تووندی هێرشی کردە سەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە.
دوای ئەوەی نووسراوی داواکاریی 'پارتی کلیل' لە لایەن وەزارەتی نێوخۆی تورکیا پەسندکرا، رۆژی دووشەممە 28-10-2024 لە رێوڕەسمێکدا لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، ئەو پارتە نوێیە بە سەرکردایەتیی یاڤوز ئاغرعەلیئۆغڵو راگەیێندرا.
ئاغرعەلیئۆغڵو وەکو سەرۆکی ئەو پارتە گوتارێکی پێشکێشکرد و باسی لەوە کرد کە تورکیا هیچ کێشەیەکی نییە چارەسەر نەکرێت، هەروەها لەبارەی بانگهێشتی دەولەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ ئەوەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بچێتە پەرلەمان و گوتار پێشکێشبکات، گوتی: "لە حوکمی ئێمەدا دەوڵەتێک نابینن کە تیرۆرستان بانگهێشتی پەرلەمان بکرێن. بەڵکو دەوڵەتێک دەبێت کە مامەڵەی پێویست لەگەڵ تیرۆرستان دەکات. ئەو تۆڕە تیرۆرستییەی 40 ساڵە رۆڵەکانمان و گەلەکەمان تیرۆر دەکات، نەوەک سەردەستەکەی، ئەوانەی خۆشیشیان دەوێن، نابێت بێنە نێو پەرلەمان".
یاڤوز ئاغرعەلیئۆغڵو کە پەرلەمانتاری ئیی پارتی بوو، رۆژی 29-3-2023 دەستی لە ئیی پارتی کێشایەوە و رەخنەی تووندی لە سیاسەتی مەرال ئاکشەنەر، سەرۆکی ئەوکاتی ئیی پارتی گرت.
پارتی کلیل کە "ئا پارتی" کورتکراوەکەیەتی، بووە 158ـەمین پارتی سیاسی لە تورکیا.