داوای سزای 38 ساڵ زیندانی بۆ پێنج پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
داواکاری گشتیی کۆماریی ئەنقەرە، بە 29 تۆمەتی جیاواز داوای 38 ساڵ زیندانی بۆ پێنج پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە دەکات؛ ئەوەش لە چوارچێوەی دۆسیەی دادگەییکردنی تۆمەتبارانی دۆسیەی کۆبانێ.
لەو دۆسیەی داواکاری گشتیی کۆماری پیشکێشی دادگەی سزا قورسەکانی ئەنقەرەی کردووە، داوا دەکات هەریەکە لە هودا کایا، سەرپیل کەمالبای، فاتیمە کورتولان، گارۆ پایلان و پیرۆ دووندار بە 38 ساڵ زیندانیکردن سزا بدرێن.
پەڕاوی تۆمەتبارکردنەکەی داواکاری گشتیی کۆماریی ئەنقەرە، کە بۆ دادگەی سزا قورسەکانی ئەنقەرەی ناردووە، لە 298 لاپەڕە پێکهاتووە، کە تۆمەتی 29 تاوانی جیاوازی تێدایە.
لە 22ەمین دانیشتنی دادگەی سزا قورسەکانی ئەنقەرە، لەسەر دۆسیەی تۆمەتبارانی کۆبانێ، بڕیاری 20 ساڵ زیندانی بۆ سەلاحەدین دەمیرتاش، 10 ساڵ زیندانیکردنی بۆ ئەحمەد تورک، هاوسەرۆکی شارەوانیی مێردین و 19 ساڵ بۆ فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە دەرچوو.
رووداوەکانی کۆبانێ لە رۆژانی 6 - 8ی تشرینی یەکەمی 2014 روویاندا. دوای ئەوەی داعش لە ساڵی 2014 هێرشی کردە سەر کۆبانێ، هەدەپە و ژمارەیەک لە پارتە کوردییەکانی دیکەی باکووری کوردستان داوایان لە حکومەتی ئەو کاتەی تورکیا کرد رێگە بە ناردنی چەک و هاوکاریی دیکەی سەربازی لە تورکیاوە بۆ شەڕڤانان بدات، بەڵام ئەنقەرە رەتیکردەوە.
لە چەند شارێکی باکووری کوردستان خۆپێشاندان دەستیپێکرد، حکومەتیش بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان قەدەخەی هاتووچۆی راگەیاند.
گرژییەکان زیادبوون و لە ئەنجامدا 46 سڤیل و پۆلیس کوژران، 682 کەس لە خۆپێشاندەران و پۆلیس بریندار بوون، 323 کەس دەستگیرکران و هەزار و 113 باڵەخانە سووتێندران.
حکومەتی تورکیا رۆژی 4ی کانوونی دووەمی 2016 ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی بۆ سەر هەدەپە دەستپێکرد، هاوسەرۆکان و ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتارانی ئەو پارتە دەستبەسەرکران و دواتر بەبڕیاری دادگە، خرانە زیندانەوە.
یەکەم دانیشتنی دادگە لەسەر ئەو دۆسیەیە رۆژی 26ـی نیسانی 2021 لە 22ـەمین دادگەی سزا قورسەکانی سینجان لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.