ئەردۆغان: بانگهێشتی هەموو براکانم دەکەم ئاگاداری سندووقەکانی دەنگدان بن

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆککۆماری تورکیا و بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور بۆ ئەو پۆستە، لەگەڵ کۆتاییهاتنی پرۆسەی دەنگدان بانگەوازێکی بۆ "پاراستنی سندووقەکانی دەنگدان" راگەیاند. 
 
ئەردۆغان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر نووسی، "سوپاسی هەریەک لە هاوکارەکانم دەکەم کە لە کاژێرەکانی سەرەتای بەیانییەوە بە پەرۆشەوە لە سندووقەکانی دەنگدان کاریان کردووە. بانگهێشتی هەموو براکانم دەکەم تا یەکلاییبوونەوەی ئەنجامەکان ئاگاداری سندووقەکانی دەنگدان بن. ئێستا تا دواسات کاتی پاراستنی ویستی گەلەکەمانە کە ئەرکە و لەسەر سەرمانە". 
 
بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 28-05-2023 کاژێر 08:00 دەنگدان لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا دەستیپێکرد. رکابەرییەکە بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا لەنێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور و کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی میللـەتە و کاژێر 17:00 سندووقەکانی دەنگدان داخران و جیاکردنەوەی دەنگەکان دەستیپێکرد. 
 
ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە ئەنقەرە رایگەیاند، "تا ئێستا هیچ دۆخێکی نەرێنی نەبووە کە بۆ دەستەی کارگێڕیمان رەنگدانەوەی هەبووبێت و کاریگەری لەسەر پرۆسەی دەنگدان هەبێت".