لە تورکیا و باکووری کوردستان هێڵی هەژاری لە 1800 دۆلار نزیکبووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی توێژینەوەیەک لە باکووری کوردستان و تورکیا خێزانێکی چوار کەسی داهاتی مانگانەی نزیکەی 1800 دۆلار بێت هەژارە، هەمان ئەو خێزانە داهاتی نزیکەی 615 دۆلار بێت، برسییە.
کۆنفیدراسیۆنی یەکگرتووی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، ئەنجامی ئەو توێژینەوەیەی بڵاوکردەوە، کە بۆ مانگی نیسانی ئەم ساڵ لەبارەی "هێڵی برسێتی و هەژاری" لە تورکیا ئامادەی کردووە.
بەگوێرەی توێژینەوەکە، لە باکووری کوردستان و تورکیا هێڵی هەژاری خێزانێكی چوار کەسی 58 هەزار و 205 لیرەیە (1790 دۆلار)، هێڵی برسێتی 19 هەزار و 980 لیرەیە (614 دۆلار).
هێڵی برسێتی خێزانێكی چوار کەسی لە مانگی نیسان بەراورد بە مانگی ئاداری رابردوو، بەهۆی دابەزینی بەهای سەوزە، 208 لیرە کەمی کردووە، کە دەکاتە 6.40 دۆلار، هەر لەو وادەیەدا هێڵی هەژاری 925 لیرە زیادیکردووە، کە دەکاتە 28.45 دۆلار.
ئەنجامی توێژینەوەکە دەریخستووە، هێڵی هەژاری و هێڵی برسێتی بەراورد بە پارساڵ نزیکەی 100% زیادی کردووە.
بەراورد بە داتاکانی ساڵی رابردوو هێڵی برسێتی 8348 لیرە (256 دۆلار) و هێڵی هەژاری 27575 لیرە (848 دۆلار) زیادی کردووە. لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی 2024ـدا هێڵی برسێتی 3407 لیرە (104 دۆلار) زیادیکردووە.
لە باکووری کوردستان و تورکیا کەمترین مووچەی فەرمانبەرێک 17 هەزار لیرەیە کە دەکاتە نزیکەی 522 دۆلار. ئەم بڕە مووچەیە هێڵی برسێتی تێپەڕاندووە. 30٪ـی خەڵک بە کەمترین مووچە کار دەکەن. . کەمترین مووچەی خانەنشینان 10 هەزار لیرەیە کە دەکاتە 307 دۆلار.
بەپێی داتاکان مانگانە هەشت هەزار و 37 لیرە (247 دۆلار) بۆ خەرجی خۆراکی خێزانێکی چوار کەسی پێویستە، بێجگە لە سەوزە و میوە.