هێزەکانی تورکیا 63 کۆچبەریان لە دەریای ئیجە دەستگیر کرد
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا رایگەیاند، لە شارۆچکەی کوشئاداسی سەر بە پارێزگای ئایدن لە رۆژئاوای تورکیا، 62 کۆچبەر دەستگیر کران کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی یۆنانەوە ناچار بە گەڕانەوە بۆ سنوورە ئاوییەکانی تورکیا کرابوون.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بەرەبەیانی رۆژی 27ی شووباتی 2023 راداری گەڕۆکی فەرماندەیی گرووپی رۆژئاوای ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا، لە کەناراوەکانی کوشئاداسی، دوو بەلەمی بەدیکرد کە کۆچبەری تێدابووە؛ تیمەکان 63 کۆچبەریان لەسەر هەردوو بەلەمەکە دەستگیر کرد، کە بە گوتەی تورکیا، لەلایەن یۆنانەوە بە زۆر گەڕێندراونەتەوە.
دوای تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان و پشکنینی تەندروستی، کۆچبەرەکان بە مەبەستی دیپۆرت کردنەوەیان رادەستی فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەرانی پارێزگای ئایدن کران.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ساڵی رابردوو تیمەکانی فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکان 75785 جار گەڕانیان هەبووە. 27098 کۆچبەریان دەستگیر کردووە، 305 کۆچبەری برینداریان چارەسەر کردووە؛ هەروەها 38 کۆچبەر لە کاتی پەڕینەوەدا خنکاون و 277 قاچاخچیش دەستگیر کراون.