243 کۆچبەر لە دەریای ئیجە دەستگیرکران
رووداو – هەولێر
فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا رایگەیاند، لە شارۆچکەی ئایڤاجیک سەر بە پارێزگای چاناککاڵە و هەردوو شارۆچکەی کارابوڕون و سەفەریسیهار سەر بە پارێزگای ئیزمیر لە رۆژئاوای تورکیا، 243 کۆچبەر دەستگیرکران کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی یۆنانەوە ناچار بە گەڕانەوە بۆ سنوورە ئاوییەکانی تورکیا کرابوون.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بەرەبەیانیی رۆژی 26ی کانوونی یەکەمی 2022، راداری گەڕۆکی فەرماندەیی گرووپی رۆژئاوای ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا، لە کەناراوەکانی ئایڤاجیک، سێ بەلەمی کۆچبەرانی لە هەردوو شارۆچکەی کارابوڕون و سەفەریهیسار دۆزیوەتەوە.
بەپێی تیمەکانی ئاسایشی کەناراوەکان 243 کۆچبەر لەسەر سێ بەلەمەکە بوون، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی یۆنانەوە ناچار بە گەڕانەوە بۆ سنوورە ئاوییەکانی تورکیا کرابوون.
دوای تەواوکردنی رێککارە یاساییەکان و تەواوکردنی پشکنینی تەندروستی پێویست، کۆچبەران رادەستی فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەرانی هەردوو پارێزگای چاناککاڵە و ئیزمیر کران.
رۆژی 7ی کانوونی یەکەمی 2022، وەزارەتی بەرگریی تورکیا گرتەی ڤیدیۆیی گەڕاندنەوەی زۆرەملێی کۆچبەران لەلایەن یۆنانەوە لە دەریای ئیجە بۆ سنوورە ئاوییەکانی تورکیا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هێزە دەریاییەکانی یۆنان بەزۆر کۆچبەران دەگەڕێننەوە سنوورە ئاوییەکانی تورکیا و بەلەمەکانیان تێکدەشکێنن و ئەگەر بەلەمەکانیان چووپ بێت، کونی دەکەن.
فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا، ئاماری 10 مانگی ئەمساڵ لەبارەی هەوڵی پەڕینەوەی کۆچبەران لە دەریای ئیجە-وە بۆ یۆنان و وڵاتانی ئەوروپا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەم ماوەیەدا 38 کۆچبەر لە دەریادا خنکاون.
بەگوێرەی ئامارەکە، تیمەکانی فەرماندەییەکە 75 هەزار و 785 جار دەوریەی بەردەوامی گەڕان و دۆزینەوەی کۆچبەرانیان کردووە و 27 هەزار و 98 کۆچبەریان دەستگیرکراووە.
هەروەها لە هەوڵی پەڕینەوەی کۆچبەراندا 38 کەسیان خنکاون. زۆرترین رووداوی خنکانی کۆچبەران لە مانگی ئەیلوول بووە کە 22 کۆچبەر خنکاون و لە مانگی تشرینی یەکەمدا 6 کۆچبەر خنکاون. ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە، پارساڵ 11 کۆچبەر لە دەریا خنکاون.
لەبارەی دەستگیرکردنی قاچاخچییەکانەوە، لە 10 مانگی ئەمساڵدا 277 قاچاخچی دەستگیرکراون. ئەمە لە کاتێکدایە پارساڵ 80 قاچاخچی دەستگیرکرابوون.
رۆژی 20ی تشرینی یەکەمی 2022، سلێمان سۆیڵو، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە ساڵانی 2020-2022دا 69 هەزار و 375 کۆچبەری نایاسایی لەلایەن هێزەکانی یۆنانەوە بەزۆر گەڕێندرانەوە سنوورە ئاوییەکانی تورکیا لە دەریای ئیجە. بەهۆیەوە 170 کۆچبەر لە دەریادا گیانیان لەدەستداوە.