ئوفوک ئوراس بۆ رووداو: ئەردۆغان لە ماوەیەکی نزیکدا هەنگاوی کردەیی لەسەر پرسی کورد دەنێت

رووداو دیجیتاڵ

ئۆفوک ئوراس سیاسەتڤانی کورد لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی مەهەپە بە رووداوی راگەیاند، دەوڵەت باخچەلی هەنگاوی چارەسەری بە دەرفەتێکی مێژوویی بۆ برایەتی و رێککەوتنی کورد و تورک لەسەر زەوینەیەکی هاوبەش ناوبرد. دەشڵێت، ئەردۆغان لە ماوەیەکی نزیکدا هەنگاوی کردەیی لەسەر پرسی کورد دەنێت.
 
دوێنێ (سێشەممە 26-11-2024)، ئوفوک ئوراس، سیاسەتمەداری کورد لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی مەهەپە قسەی کرد و گوتی، ئەوەی دەیکات "بۆ برایەتی کورد و تورکە."
 
ئوراس رەتیکردەوە، هیچ ناکۆکی و کێشەیەک لەنێوان ئاکپارتی و مەهەپە سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری هەبێت و گوتی، "باوەڕم وایە ئەردۆغان لە داهاتوویەکی نزیکدا هەنگاوی کردەیی لەسەر ئەم پرسە دەنێت."
 
رۆژی (چوارشەممە 20-11-2024)، ئۆفوک ئوراس، سەبارەت بە گفتوگۆکانی ئەم دواییەی پرسی کورد دیدارێکی لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) سازکرد. 
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئوفوک ئوراس
 
رووداو: چەند رۆژێک لەمەوبەر سەردانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپەت کرد. سەردانەکەت لە میدیادا بووە رۆژەڤ. دەتوانن باسی ئەوە بکەن کە هۆکاری سەردانەکە چی بوو؟
 
ئوفوک ئوراس: کاتێک دەوڵەت باخچەلی چەند جارێک باسی لەوە کرد، دەم پارتی پەیوەندییەک لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دروست بکات، ئەوە زۆر بەهادار بوو. من ئەمە وەکو دەرفەتێکی مێژوویی دەبینم. هەر بۆیە داوام کرد دیداری لەگەڵ سازبکەم، هەروەها ئامادەیی خۆم بۆ هەر جۆرە پشتیوانییەک نیشاندا. ئەویش سوپاسی کردم و گوتی، پشتیوانیی رۆشنبیران و رووناکبیران و کۆمەڵەکانی چالاکڤانان زۆر بەهادارە. 
 
رووداو: کۆبوونەوەکە لە چ کەشێکدا بەڕێوەچوو؟ هەڵوێستی باخچەلی لەسەر پرۆسەیەکی نوێی چارەسەری چۆن بوو؟
 
ئوفوک ئوراس: ئەرێنی بەڕێوەچوو، بەتایبەتی لە بواری فەراهەمکردنی برایەتیی کورد و تورک. دەوڵەت باخچەلی ئەمەی بە دەرفەتێکی مێژوویی بۆ برایەتی و رێککەوتنی کورد و تورک لەسەر زەوینەیەکی هاوبەش ناوبرد. هەروەها باسی ئەم دیدارەم لەگەڵ هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان تونجەر باکرهان و گوتەبێژی پارتەکە کرد، دواتر لەگەڵ ئەحمەد تورکیش باسمان کرد. ئەوان بە شێوەیەکی ئەرێنی پێشوازییان لێکرد.
 
رووداو: دەم پارتی ئاگاداری کۆبوونەوەکەی ئێوە بوو؟ ئایا دەم پارتی پەیامێکیان بە ئێوە دا بۆ باخچەلی یانیش باخچەلی لە رێگەی ئێوەوە هیچ پەیامێکی بۆ دەم پارتی نارد؟
 
ئوفوک ئوراس: بەڵێ. هەریەک لە باکرهان و ئایشوگول دۆغان رایانگەیاند کە ئەم جۆرە دیدارانە زۆر گرنگن و جەختیشیان کردەوە کە ئەوان ئامادەن پشتگیری لەو پێشنیازەی باخچەلی بۆ ئۆجەلان بکەن. منیش ئەو هەڵوێستەی دەم پارتیم بە بەڕێز باخچەلی گەیاند، هەروەها گوتەکانی بەڕێز باخچەلیم بە ئەحمەد تورک گەیاند، بە گشتی دیالۆگێکی زۆر باش و ئەرێنی بوو. جەختمان کردەوە کە بەردەوامیی ئەو دیالۆگە بۆ دیموکراسیی تورکیا لە بواری بونیاتنانی ئاشتی گرنگە. لەلایەکی دیکەشەوە پرۆسەکە بەردەوامە. لەڕاستیدا ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنەکەشیدا بەڕێز باخچەلی جارێکی دیکە گوتی، پێویستە ئاکپارتی هەڵوێستی روون لەم بابەتەدا نیشان بدات. 
 
رووداو: مەهەپە پێشتر لە بابەتی پرسی کورد زۆر تووند بوو، بەڵام ئێستا باسی ئازادکردنی ئۆجەلان دەکات. بۆچی ئاکپارتی هەنگاو نانێت؟ ئۆپۆزیسیۆن و چەند لایەنێک باس لە ململانێی نێوان ئاکپارتی و مەهەپە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری دەکەن. ئەوە ڕاستە؟
 
ئوفوک ئوراس: بە بۆچوونی من، راست نییە و پێم وایە سازانێکیان هەیە. هەردوو لایەنەکەی هاوپەیمانیی جمهوور گوتوویانە کە هیچ کێشەیەک نییە. جگە لەوەش، روونە کە عەقڵێکی دەوڵەت لە پشت بابەتەکەیە. لەو باوەڕەدام ئەردۆغانیش لە داهاتوویەکی نزیکدا هەنگاوی کردەیی دەنێت؛ هەروەها هەنگاو بۆ دیداری ئۆجەلانیش دەنرێت. پێم وا نییە لەو بابەتەدا هیچ کێشەیەک هەبێت.
 
رووداو: لە کاتێكدا باس لە پرۆسەی چارەسەری دەکرێت، قەییوم بۆ شارەوانییەکان دادەنرێت. ئەمە چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
 
ئوفوک ئوراس: بەڵێ، هەربۆیە ئەم پرۆسەیە قورسە و کێشەی زۆری تێدایە. دانانی قەییوم بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت. ئاخر نابێت قەییوم بمێنێت و پێویستە پرۆسەی ئاساییکردنەوە و ئاشتی هەبێت. هەروەها کۆماری تورکیا پێویستی بە هەموارکردنەوەی دەستوور هەیە. بەداخەوه، ئەم سیاسەته دۆخەکە ئاسان ناکات، به پێچەوانەوە سەختتری دەکات. ئەمە پێشتر تاقی کراوەتەوە و ئەستەمە بەم شتە بگەیتە هیچ شوێنێک. هەندێک کەس دەڵێن بۆچی لەگەڵ ئەو لایەنانە قسە دەکەیت کە خاوەنی ئەم سیاسەتە رەگەزپەرستانەن. من پێیان دەڵێم، چونکە ئەوان دیدگەیەکی لەو شێوەیەیان هەیە و پێویستە قسەیان لەگەڵ بکەین بۆ ئەوەی بزانرێت کە ئەو جۆرە سیاسەتە ئەنجامێکی نییە.
 
رووداو: لە کۆبوونەوەکەی ئێوە دیداری باخچەلی لەگەڵ ئەحمەد تورک یان دەم پارتی باسکرا؟
 
ئوفوک ئوراس: نەخێر. بەو پێیەی کۆبوونەوەیەکی نیو کاژێری بوو، کارنامەی من تەنیا پەیوەندی بە بانگەوازەکەی باخچەلی سەبارەت بە کۆبوونەوەی دەم پارتی لەگەڵ ئۆجەلان بوو و هەربۆیە تەنیا باسی ئەوەمان کرد. باسی شێواز و زەوینەی دیالۆگەکەمان کرد. باسی بابەت و وردەکاریی دیکەمان نەکرد. بێگومان ئەو هیوای دیدارەکەی خواست کە ئەمانە بابەتی زۆر گرنگن. 
 
رووداو: دوای دیدار لەگەڵ باخچەلی، بەڕێزتان گوتتان "ئەوەندەی من دەیبینم، ئامادەکاری دەوڵەت هەیە بۆ داننان بە مافی زمانی دایک لە دەستوور و لێبوردنی گشتی،" بەڵام بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی رایگەیاند، داننان بە زمانی دایک لە دەستووری نوێ و لێبووردنی گشتی، یان بەشێکی لە کارنامەی ئەواندا نییە. ئەگەر حکومەت ئامادە نییە مافێکی رەوا وەک مافی زمانی دایکی بە کورد بدات، بۆ چارەسەر پلانی چییە؟
 
ئوفوک ئوراس: هەندێک شت تێکەڵاو بوون. ئەو زانیارییانەی سەبارەت بە دیدارەکەم لەگەڵ باخچەلی دام، جیاواز بوو. دواتر پرسیارێک لەلایەن رۆژنامەنووسانەوە هات و پرسیاریان سەبارەت بە بۆچوون و چاوەڕوانییەکانم سەبارەت بە پرۆسەکە کرد. ئەمە شتێکی جیاوازە. کاتێک دەڵێم ئامادەکارییەکی جیدی دەوڵەت هەیە، لە راستیدا ئامادەکارییەکی جیدی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئیمراڵی هەیە. بەڵام وەک چاوەڕوانی و هیوای خۆم گوتم، پێویستە هەندێک گۆڕانکاری دەستووری بکرێن، مافی زمانی دایک بدرێت و لێبووردن هەبێت. ئاخر ئەوەی ئێمە پێی دەڵێین "مافی هیوا" تەنیا پەیوەندیی بە یەک کەسەوە نییە و مافێکی گشتگیرە. مەبەستم ئەوەیە هەڵسەنگاندنی هەموو ئەمانە پێشهاتێکی ئەرێنی دەبێت. 
 
رووداو: منیش دەمەوێت ئەمە بپرسم، زۆر شت لەسەر پرۆسەی چارەسەری دەگوترێت، بەڵام جگە لە لێدوانەکانی سەرۆکی مەهەپە هیچ هەنگاوێک لەلایەن حکومەتەوە نەنراون. دەم پارتیش داوا لە سەرۆککۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان دەکات باسی بابەتەکە بکات. بەڕاستی دەتوانین بڵێین ئەمە پرۆسەی چارەسەرە؟
 
ئوفوک ئوراس: پێویستە ئەمە وەک دۆخێک ببینرێت. دەم پارتی بە هاوسەرۆک و سەرکردایەتییەوە هەنگاوێکی وەها و خودی دیالۆگەکە زۆر بەنرخ دەبینن. ئینجا نێوەڕۆکی ئەمە چۆن پڕ دەکرێتەوە، بێگومان لەڕێی دانوستاندنی رووبەڕوو دەبێت. ئەمە شتێک نییە ئەمڕۆ و سبەی رووبدات، بەڵکو دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و سووریا و زۆر شتی دیکەش بەمەوە پەیوەندیدارن. پرۆژەیەکی زۆر گشتگیرە. رووسیا و ئەمریکا لەکوێی ئەم پرۆسەیەدا دەبن؟ لەبارەی تەواوی ئەمانە پێویستە مۆدێلی جۆراوجۆر پێشبخرێن.
 
ئامادەکردنی هەڤپەیڤین: فەردی ساک