بۆچی لە دۆخێکی هەرێمیی شڵەژاودا ئەنقەرە هەوڵی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی دەدات؟
رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ زیادبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، حکومەتی تورکیا هەوڵی ئارامکردنەوەی دۆخی نێوان خۆی و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەدات، سەرەڕای هێرشەکەی هەفتەی رابردوو بۆ سەر دامەزراوەیەکی ئەنقەرە، کە پارتە کوردستانییەکە بەرپرسیاریێتیی خۆی لێ راگەیاند.
باڵی سەربازیی پەکەکە بەرپرسیاریێتیی هێرشەکەی چوارشەممەی بۆ سەر دامەزراوەی پیشەسازیی بۆشایی ئاسمان و فڕۆکەوانیی تورکیا لەئەستۆگرت، کە تێیدا 5 کەس کوژران و 22ـی دیکەش بریندار بوون، بەڵام لە پێشهاتێکی دەگمەندا جەختیکردەوە لەوەی هێرشەکە پەیوەندیی بەو پرۆسەوە نییە، کە حکومەتی ئەنقەرە دەستیپێکردووە.
پەکەکە، لە راگەیێندراوێکدا کە لە تەلەگرام بڵاویکردەوە، روونیکردەوە هێرشەکە "ماوەیەکی درێژ" لەمەوبەر پلانی بۆ دانرابوو، بۆ ئەوەی "هۆشداری و پەیام دژی ئەو رەشەکوژی، جینۆساید و گۆشەگیرییە بدەن، کە حکومەتی تورکیا دەیکات"، بەڵام دووپاتیکردەوە ئەو تەقینەوەیە پەیوەندیی بە پێشهاتە سیاسییەکانی تورکیا و باکووری کوردستانەوە نییە.
تورکیا بە بۆردوومانکردنی نزیکەی 50 شوێن لە رۆژئاوای کوردستان و پێگەی پەکەکە لە باشووری کوردستان، وەڵامی هێرشەکەی دایەوە. لەکاتێکدا رۆژێک پێش ئەوە، لە رێگەی سەرکردەیەکی دیار و باڵای نێو هاوپەیمانیی حکومەت، دەستپێشخەرییەکی پێشكێشی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پەکەکە کرد کە لە ساڵی 1999ـەوە زیندانیکراوە.
حەمید بۆزئەرسەلان، شارەزای مێژوو و کاروباری پەکەکە پێیوایە "بەشێکی دەسەڵات دەیەوێت دەست بە گفتوگۆ لەگەڵ بزووتنەوە کوردییەکە بکات، لەکاتێکدا ئەگەری خراپبوونی دۆخی هەرێمی و تێکچوونی ئێران لە ئارادایە" کە ئەگەر ببێتە راستی، "لێکەوتەی مسۆگەری لەسەر عێراق و سووریا دەبێت."
هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و ئازادکردنی ئۆجەلان
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)، کە پارتێکی راستڕۆی تووندڕۆیە و سەرسەختانە دژایەتیی پەکەکە دەکات و بەشێکە لە هاوپەیمانیی حکومەت، رۆژی سیشەممە، داوای لە ئۆجەلان کرد، کە سزای زیندانیی تاهەتایی لەسەرە، بچێتە پەرلەمان و هەڵوەشانەوەی پەکەکە رابگەیێنێت.
ئۆجەلان تەمەنی 75 ساڵە و چارەکە سەدەیەکە لە زیندانی دوورگەی ئیمرالی گۆشەگیرکراوە.
رۆژی شەممە، واتە دوای هێرشەکەی ئەنقەرە، باخچەلی رایگەیاند، "تورک و کورد یەکدیان خۆشدەوێت، ئەمە ئەرکێکی ئایینی و سیاسییە لەسەر شانی هەردوو لا".
لە ئاماژەیەکی دیکەی سووربوونی تورکیا لەسەر هێورکردنەوەی دۆخەکە، لە هەمان رۆژی هێرشەکە، حکومەت رێگەی بە عومەر ئۆجەلان، برازای عەبدوڵڵا ئۆجەلان دا بۆ یەکەمین جار دوای 43 مانگ، سەردانی مامی بکات.
عومەر ئۆجەلان پەرلەمانتاری پارتی گەلانی دیموکرات (دەم پارتی)ـیە کە گەورەترین پارتی باکووری کوردستانە.
بەشێک لە سیاسەتڤانانی تورکیا دەڵێن، "ناکرێت" هێرشەکەی ئەنقەرە لەم دۆخەدا "بە رێکەوت روویدابێت"، یەکێک لەوانە، محەممەد شیمشەک، وەزیری دارایی تورکیایە کە بە رەچەڵەک کوردە. ئەو لە پانێلێکی پەیمانگەی برۆکینگز لە واشنتن ئەمەی دووپاتکردەوە.
ئەم پێڤاژۆیە پرسیار لەسەر کاریگەریی سەرکردایەتیی ئۆجەلان دوای بەسەربردنی 25 ساڵ لە زیندان، بەسەر پارتەکەیدا دروستدەکات.
حەمید بۆرسەلان پێیوایە، وێڕای ئەو هەموو ساڵە، "ئۆجەلان هێشتا ئەو مەرجەعەیە کە دەتوانێت کاریگەری بخاتە سەر پرۆسەکان"ـی ئاشتی.
بەڵام یەکتان تورکی یەڵماز، مامۆستای زانکۆ لە نەمسا وای دەبینێت "بێ هەبوونی پەیوەندیی رێکخراوەیی" لەگەڵ پەکەکە، بۆ ئۆجەلان "زۆر زەحمەت دەبێت پلانێک بسەپێنێت، کە حکومەت رەزامەندیی لەسەر دابێت،" هەروەها ئاماژە بەوە دەکات بزووتنەوە کوردستانییەکە، یەکدەنگ نییە.
یەڵماز دەشڵێت، "بێگومان ئەمڕۆ ئۆجەلان خۆی لە خراپترین دۆخی ئەزموونی سیاسیدا دەبینێتەوە، چونکە پێشتر پێویستی بەوە نەدەکرد لایەنگرانی کۆبکاتەوە و بە چارەسەرێکی سیاسیی ئاشتیانە، رازییان بکات."
بەڵام لێکۆڵینڤانەکە ئاماژە بەوەش دەکات "هەمان شت لەنێو حکومەتیشدا هەیە"، چونکە مەرج نییە رای گشتی پشتیوانی لە ئاشتبوونەوەی تورکیا لەگەڵ پەکەکە بکات و نەریتخوازەکان بە تووندی دژی دەوەستنەوە.
ئەم شرۆڤەکارانەی لە سەرەوە ناویان هێنراوە، پێیانوایە هەڵبژاردنی ئەم کاتە بۆ درێژکردنی دەستی ئاشتەوایی بۆ پەکەکە لە لایەن حکومەتی ئەنقەرە بێ هۆکار و بە رێککەوت نییە، بەڵکو لە ئەنجامی دروستبوونی دۆخێکی هەرێمییە، کە نزیکە لەوەی بتەقێتەوە.
شرۆڤەکارەکان پێیانوایە، ئەنقەرە لە فراوانبوونی ئەو جەنگە دەترسێت کە ئیسرائیل دژی حەماسی فەلەستین و حیزبوڵڵای لوبنان دەستی پێکردووە.
یەڵماز دەڵێت، حکومەتی تورکیا هەوڵدەدات "بەرەی نێوخۆی وڵاتەکەی بەهێز بکات، بۆ ئەوەی بتوانێت رووبەڕووی ئەو ئاڵنگارییە هەرێمییە ببێتەوە، کە ئیسرائیل دروستی دەکات،" بۆ ئەوەش ئێستا بە دەرفەت دەزانێت تاوەکو گوشاری سەر سنووری نێوان خۆی و سووریا کەمبکاتەوە.
دوای ئەوەی ئیسرائیل بەرەبەیانیی شەممە (26-10-2024) هێرشی کردە سەر ئێران، تورکیا داوایکرد "سنوورێک بۆ ئەو تیرۆرە دابنرێت، کە ئیسرائیل لە ناوچەکە بڵاویدەکاتەوە" و، رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی "گەیاندووەتە لێواری جەنگێکی گەورەتر."