تورکیا: هەندێک وڵات یەپەگە بە تیرۆریست ناناسێنن و ئێمەش حەماس بە تیرۆریست نازانین
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت، "بە لای ئێمەوە یەپەگە و پەیەدە رێکخراوی تیرۆریستین، بەڵام هەندێک وڵات بە تیرۆریستیان دانانێن. ئێمەش بزووتنەوەی حەماس وەک رێکخراوی تیرۆریستی ناناسێنین."
رۆژی هەینی 27ـی تشرینی یەکەمی 2023، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە ئەنقەرە لەگەڵ لارس لۆکە راسموسان، وەزیری دەرەوەی دانیمارک، رەخنەی لە سوپای ئیسرائیل گرت لە بەرامبەر بۆردوومانکردنی کەرتی غەززە و گوتی، "بەئامانجکردنی خەڵکی سڤیل، نەخۆشخانە، قوتابخانە، مزگەوت و کەنیسە تاوانی جەنگە. ئیسرائیل مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکات و ئێمەش لە ئاست ئەو ستەمەدا بێدەنگ نابین. بۆیە پێویستە کار بکەین بۆ ئەوەی دەستبەجێ ئەم دڕندەییە و تاوانانەی جەنگ رابگیرێن."
هاکان فیدان، گوتیشی، "یەپەگە و پەیەدە بە لای تورکیاوە دوو رێکخراوی تیرۆریستین، بەڵام هەندێک وڵات بە رێکخراوی تیرۆریستی نایناسێنن، بۆیە ئێمەش حەماس بە هێزێکی سیاسیی دەوڵەتی فەلەستین دەزانین و بە رێکخراوی تیرۆریستی نازانین، بەڵام ئەمە ئەو مانایە ناگەیێنێت کە بە کوشتنی خەڵکی سڤیل رازین. بە پێچەوانەوە، لە سەرەتاوە کوشتنی خەڵکی سڤیلمان سەرکۆنەکردووە."
وەزیری دەرەوەی تورکیا داوای لە وڵاتانی جیهان کرد پێکەوە کار بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و رێگەخۆشکردن بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە و گوتی، "بێدەنگی وڵاتان لە بەرامبەر ئەو رەفتارانەی ئیسرائیل، دەکەونە دۆخی هاوبەشیکردن لە تاوانەکان."
وەزیری دەرەوەی تورکیا رەخنەی لە بەشێکی وڵاتانی رۆژئاوا گرت و رایگەیاند، ئەوانەی ئەمڕۆ چاوپۆشی لە دەرکردنی فەلەستینییەکان لە خاکی خۆیان دەکەن، مافی ئەوەیان نییە سبەی باس لە ماف و ئازادییەکان بکەن و هۆشداریشیدا کە دەکرێت جەنگەکە ببێتە هۆی دروستبوونی جەنگێکی گەورەتر و گوتی، "تورکیا لەگەڵ ئاشتیدایە و لەسەر ئەم بنەمایە سەردانی دەیان وڵاتمان کردووە و پرس و راوێژمان کردووە و هەوڵە دیپلۆماسییەکانمان چڕ کردوونەتەوە. ژمارەیەکی زۆر پەیوەندیی تەلەفۆنیمان لەگەڵ هاوشانەکانمان ئەنجامداوە."
پارتی یەکێتیی دیموکراتی- پەیەدە لە 20ـی ئەیلوولی ساڵی 2003 لە رۆژئاوای کوردستان دامەزرا و یەکینەکانی پاراستنی گەل- یەپەگە باڵی چەکدارییەتی.
یەپەگە پێکهێنەرێکی سەرەکی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدەیە و ئەو هێزەش لە شەڕی دژی داعشدا هاوبەشێکی ئەمریکایە.
تورکیا دەڵێت، پەیەدە لقی رۆژئاوای کوردستان و سووریای پەکەکەیە و هەربۆیە رەخنە لە یارمەتیدانی هەسەدە لە لایەن ئەمریکاوە دەگرێت.