زیاتر لە سێ ملیۆن کۆچبەری سووریایی لە تورکیا دەژین

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، زیاتر لە سێ ملیۆن پەنابەری سووریایی لە سەرتاسەری تورکیا و باکووری کوردستان دەژین، تائێستاش زیاتر لە 715 هەزاریان گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.
 
عەلی یەرلیکایا، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 26ی ئەیلوول لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیی وڵاتەکەیدا رایگەیاند، لە تورکیا چوار ملیۆن و 384 هەزار و 591 کۆچبەر هەن، لەو ژمارەیە سێ ملیۆن و 92 هەزار و 536 کەسیان خەڵکی سووریان.
 
سەبارەت بە گەڕانەوەی کۆچبەرانی سووریایی بۆ زێدی خۆیان، یەرلیکایا رایگەیاند، تەنیا لە یەکی حوزەیرانی 2023 بەدواوە 160 هەزار و 236 کۆچبەری سووری "بە ویستی خۆیان" گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان و "تائێستا بە گشتی 715 هەزار و 654 کۆچبەری سووریایی بە ویستی خۆیان گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان".
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاماژەی بەوەدا، ستراتیژێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆچ لە سەرچاوەکەیەوە جێبەجێ دەکەن و گوتی: "پڕۆسەی دروستکردنی دیوار لەسەر سنووری ئێران تەواو بووە. رووبەڕووبوونەوەمان لەگەڵ قاچاخچیانی کۆچبەران بەردەوام دەبێت."