هەدەپە دوو هاوسەرۆکی نوێی هەڵبژارد
رووداو دیجیتاڵ
لە چوارەمین کۆنگرەی نائاسایی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)دا کە لە ئەنقەرە کرا، هاوسەرۆکانی نوێی پارتەکە هەڵبژێردران.
پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کاژێر 10:00ـی ئەمڕۆ یەکشەممە 27ـی ئابی 2023 چوارەمین کۆنگرەی نائاسایی خۆی لە ناوەندی بازرگانیی جیهانی لە ئەنقەرە سازدا.
هەدەپە بە بەشداری 904 ئەندام و یەک لیست چووە کۆنگرەوە و لە شوێنی پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار دوو هاوسەرۆکی نوێ هەڵبژێردران.
سوڵتان ئۆزجان و جاهید کزکازاک بوونە هاوسەرۆک، ژمارەی ئەندامانی سەرکردایەتیش لە 100 کەسەوە کەمکرانەوە بۆ 39 ئەندام، هەروەها 15 ئەندامیش بەیەدەگ هەڵبژێردران.
هەدەپە کە 11 ساڵە دامەزراوە، لە کۆنگرەکەدا خۆی هەڵنەوەشاندەوە و بڕیاریدا بۆ لەمەودوا لە گۆڕەپانی سیاسەتدا کەمتر چالاک بێت و لە شوێنی هەدەپە پارتی چەپی سەوز-یەسەپە چالاکتر دەبێت.
هەدەپە لە حوزەیرانی 2021ـەوە بە تۆمەتی پەیوەندی بە پەکەکە لە دادگە دۆسیەی داخستنی لەسەر تۆمارکراوە و بەهۆی بەردەوامی دۆسیەکەی لە دادگەی دەستوور، لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانیی تورکیا کە لە 14 و 28ـی ئایاری ئەمساڵ بەڕێوەچوو، لەسەر ناوی پارتی چەپی سەوز-یەسەپە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا کرد.
هەدەپە کە خۆی وەک پارتێکی تورکیایی پێناسە دەکات و زۆرینەی دەنگدەرەکانی کوردن، بانگەشەی ئەوەی دەکرد لەو هەڵبژاردنەدا کورسییەکانی بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018 لە 67 کورسی بۆ 100 کورسی زیاد دەکات، بەڵام ئەنجامەکە پێچەوانە بوو و تەنیا 61 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا.
ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هۆکاری سەرەکی بەستنی ئەم کۆنگرەیە بوو. هەر لە دوای هەڵبژاردنەکانیشەوە هاوسەرۆکانی ئەو پارتە ئاماژەیان بە بەستنی کۆنگرەیەکی نائاسایی دا و رایانگەیاند، لە کۆنگرەکەدا جارێكی دیکە خۆیان بۆ پۆستی هاوسەرۆکایەتی بەربژێر ناکەن.