سێ رۆژە دارستانەکانی ئەنتاڵیا دەسووتێن
رووداو دیجیتاڵ
سێ رۆژە ئاگر لە دارستانەکانی شارۆچکەی کەمەر سەر بە پارێزگای ئەنتاڵیا لە باشووری رۆژئاوای تورکیا کەوتووەتەوە، سەرباری هەوڵێکی زۆر، تاوەکو ئێستا نەتوانراوە بەتەواوی بکوژێندرێتەوە.
لەکاژێر 21:08ـی رۆژی 24ـی تەممووزی 2023، ئاگر لە دارستانەکانی شارۆچکەی کەمەر لە پارێزگای ئەنتاڵیا کەوتووەتەوە. تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە له رێگەی فڕۆکە و هێلیکۆپتەر و ئامێرە جیاوازەکانەوە، لە ئاسمان و زهوییهوه ههوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکان دەدەن، بەڵام بێهودەیە.
شەوکەت هەرکی، نێردراوی رووداو لەنزیک دارستانەکەوە رایگەیاند "هەتاوەکو ئێستا بەتەواوی نازاندرێت ئاگرەکە چەندی زەوییەکەی سووتاندووە، بەڵام ئیدی بەرەو کۆنترۆڵکردن دەچێت و لە دوێنێشەوە مەترسیی نەمابوو بۆ سەر خەڵک، چونکە ئاراستەی ئاگرەکە بەرەو چیا دەچوو."
بەپێی راگەیێندراوی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دارستانەکانی تورکیا، بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکان؛ 11 فڕۆکە، 29 هێلیکۆپتەر، 80 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە، 30 شۆڤڵ و 654 کارمەند کاردەکەن بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە. 14 کارمەندی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بەهۆی دووکەڵی ئاگر تەندروستییان تێکچووە.
شەوکەت هەرکی، هەروەها گوتی "ئێستا دەنگی هێلیکۆپتەر نایەت، بەڵام شەوی رابردوو تاوەکو بەیانی بە پێنج هێلیکۆپتەر خەریکی دامرکاندنەوەی ئاگرەکە بوون".
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دارستانەکانی تورکیا شەوی رابردوو لە هەژماری تایبەتی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاویکردەوە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 180 هێکتار دارستان سووتاوە.
رۆژی 6ـی حوزەیرانی 2023، یەکەم ئاگر لە دارستانەکانی پارێزگای موغڵا کەوتەوە. ساڵی رابردوو، 203 ئاگر لە دارستانەکانی 31 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان کەوتنەوە. بەهۆیەوە 10 هەزار و 446 هێکتار دارستان و پاوان سووتاون، سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و 149 کەسیش بریندار بوون.