وەزیری پەروەردەی تورکیا: بەهۆی بوومەلەرزەکەی مەلەتی 22 باڵەخانە رووخان
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پەروەردەی تورکیا رایگەیاند، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان لە بوومەلەرزەکەی مەلەتیی باکووری کوردستان 22 باڵەخانە رووخان. 20 کەس گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و 5 کەسیش لەژێر داروپەردوو رزگار کراون.
مەحموود ئۆزەر، وەزیری پەروەردەی تورکیا دەڵێت، کچێک و باوکی کەوتوونەتە ژێر داروپەردووی باڵەخانەیەکی مەلەتی، تیمەکان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و هەوڵی رزگارکردنیان دەدەن.
بەگوێرەی ماڵپەڕی سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا، ناسراو بە ئافاد، کاژێر 12:04 خولەکی ئەمڕۆ دووشەممە 27ی شووباتی 2023، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.6 پلەی رێختەر لە شارۆچکەی یەشیلیورتی سەر بە پارێزگای مەلەتی لە قووڵایی 6.96 کیلۆمەتر تۆمار کراوە.
بوومەلەرزەکەی مەلەتی لە پارێزگاکانی دیلۆک، مەڕەش و سەمسووری باکووری کوردستان و هاتای-ی تورکیا هەستی پێکراوە.
دوای بوومەلەرزە وێرانکارەکەی مەرەش لە 6ی شووباتدا، کە لە 11 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 44 هەزار کەس، پاشلەرزەکان بەردەوامن.
تاوەکو ئێستا زیاتر لە 10 هەزار پاشلەرزە تۆمار کراون کە گەورەترینیان بە گوڕی 6.4 پلەی رێختەر لە پارێزگای هاتای تۆمار کرا.
بوومەلەرزەکان بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 6000 کەسیش لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا.