بوومەلەرزەیەک لە دەریای مەرمەرە روویدا

 
رووداو دیجیتاڵ 

بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 3.6 پلەی رێختەر لە دەریای مەرمەرە لە سنوورە ئاوییەکانی پارێزگای تەکیرداغ لە تورکیا روویدا. 
 
سه‌رۆكایه‌تی بەڕێوەبردنی كاره‌سات و باری له‌ناكاوی تورکیا (ئافاد) رایگەیاند، کاژێر 20:18 خولەکی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی تشرینی یەکەمی 2023، بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 3.6 پلەی رێختەر، لە دەریای مەرمەرە لە سنوورە ئاوییەکانی شارۆچکەی شارکۆی سەر بە پارێزگای تەکیرداغ لە تورکیا روویدا. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئافاد، بوومەلەرزەکە بە قووڵایی 10.72 کم تۆمارکراوە. 
 
دەزگای ئافادی تورکیا راشیگەیاند، لە دوای هەردوو بوومەلەرزە بەهێزەکەی رۆژی 6ـی شووبات تاوەکو ئێستا 38 هەزار و 119 پاشلەرزە روویانداوە، کە 12 پاشلەرزە شەش پلە و 71ـیان پێنج پلە بووە.
 
کاژێر، 04:17 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی 6ـی شوباتی 2023، بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 7.7 پلەی رێختەر، کە چەقەکەی مەرەشی باکووری کوردستان بوو، 11 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانی هەژاند. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، 50 هەزار و 783 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 107 هەزار 204 کەس برینداربوون.