ئەردۆغان: بۆ دەستوورێكی نوێ لە دەرگەی سەرجەم پارتەکان دەدەین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، بۆ دەستوورێكی نوێ لە دەرگەی سەرجەم ئەو پارتە سیاسییانە دەدەن کە لە پەرلەمان گرووپیان هەیە و پێویست بە ناز ناکات.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەمڕۆ سێشەممە، 26ـی ئەیلولی 2023، لە کاتی گەڕانەوەی لە ناهچیڤان لە نێو فڕۆکە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا کە کارەکانی دەستووری نوێ خێراتر دەکەن و گوتی، "ئامانجمان خستنەڕووی دەستوورێکە کە هەموو هاووڵاتیانمان پێی بڵێن 'دەستووری من'. فراکسیۆنی پارتەکەمان لە پەرلەمان لەگەڵ پارتەکانی دیکە کە گرووپیان لە پەرلەمان هەیە کۆدەبنەوە و لەبارەی دانانی دەستوورێكی مەدەنی بانگهێشتەکەمان دەگەیێنن. قبووڵی بکەن یان نا، ئێمە هەر ئێستا لە دەرگەیان دەدەین، کێ ئەم کارە دەکات؟ فراکسیۆنی ئاکپارتی لە پەرلەمان، بۆیە پێویست بە ناز ناکات".
سەرۆککۆماری تورکیا لە 43 ساڵەی کودەتای سەربازیی 12ـی ئەیلوولی ئەمساڵ، داوای لە ئۆپۆزیسیۆن و رێکخراوە مەدەنییەکان کرد بۆ ئامادەکردنی دەستوورێکی نوێی سڤیل دانوستاندن بکەن.
ئەردۆغان گوتی، "ئیدارەی 12ـی ئەیلوول گەورەترین خەنجەر کە لە دڵی وڵاتەکەمانی دا دەستووری کودەتای ساڵی 1982ـە کە تائێستا گفتوگۆی لەسەر دەکەین. لێرەوە داوا لە سەرجەم پارتە سیاسییەکان، رێکخراوە مەدەنییەکان و ئەکادیمیستەکان دەکەم، بۆ دیاریکردنی گونجاوترین دەق بۆ دەستوورێكی نوێ، وەرن با قسە بکەین، گفتوگۆ بکەین، دانوستاندن بکەین، بەڵام لەم پرۆسەیە رانەکەین".
لە ساڵی 1987ـەوە 23 جار دەستووری تورکیا هەموار کراوەتەوە؛ دوایین هەموار ساڵی 2017 بوو کە سیستمی بەڕێوەبردنی تورکیا لە پەرلەمانییەوە گۆڕا بۆ سەرۆکایەتی.
گۆڕینی دەستوور لە تورکیا یەکێکە لە بەڵێنەکانی ئاکپارتی لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆمار و پەرلەمانی ئایاری ئەمساڵدا.
ئاکپارتی کە لە پەرلەماندا کورسیی پێویستی نییە بۆ گۆڕینی دەستوور، لە سەرووبەندی هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا کە لە کۆتایی ئاداری داهاتوو دەکرێت، دەیەوێت لە پەرلەمان لەسەر ئەو پرسە کۆدەنگی دروست بکات.