داودئۆغڵو: هەڵمەتی دەستگیرکردنی ئەندامانی هەدەپە نایاساییە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی ئایندەی تورکیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ هاوسەرۆکی هەدەپە کرد و پێی راگەیاند، هەڵمەتی دەستگیرکردنی ئەندامانی هەدەپە نایاساییە. 
 
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە و میدحەت سانجار، هاوسەرۆکی هەدەپەدا داودئۆغڵو نیگەرانیی خۆی لەبارەی هەڵمەتی دەستگیرکردنی ئەندامانی هەدەپەوە بۆ سانجار دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە کە هەڵمەتی دەستگیرکردنەکە نایاساییە و تەنیا رەهەندی سیاسیی بەدواوەیە. 
 
میدحەت سانجار، هاوسەرۆکی هەدەپە رایگەیاند، پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان هەڵوێستی روون و ئاشکرا دەرببڕن بەتایبەتی لە سەرکۆنەکردن و گرتنەبەری هەڵوێستی گوشار بۆ راگرتنی هێرشەکانی سەر هەدەپە. 
 
هاوسەرۆکی هەدەپە ئەوەشی راگەیاند، پارتەکەی ئامادەیە بۆ لێپرسینەوە لە پاشخانی رووداوەکانی کۆبانێ و هەموو ئەو کەیسانەی کە وەک تۆمەت خراونەتە پاڵ هەدەپە. 
 
سانجار داوای دامەزراندنی بەرەیەکی بەهێزی دیموکراتیی لە داودئۆغڵو کرد و جەختی لەوەش کردەوە هەمان داواکارییان پێشکەشی لایەنەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن کردووە.