ئەردۆغان داوا دەکات سکرتێری نوێی ناتۆ تووندتر رووبەڕووی پەکەکە ببێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا داوا دەکات سکرتێری داهاتووی ناتۆ رێکاری تووندتر بەرامبەر پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە بگرێتەبەر و گرنگیی زیاتر بە نیگەرانییەکانی ئەنقەرە لەبارەی "تیرۆر" بدات.
رۆژی هەینی، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە ئیستەنبووڵ پێشوازیی لە مارک رووتە، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری هۆڵەندا کرد، کە بەربژێری هەرە لەپێشە بۆئەوەی پۆستی سکرتێری گشتیی ناتۆ بگرێتەدەست و شوێنی یانس ستۆڵتنبێرگ بگرێتەوە.
رووتە بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی تورکیا سەردانی ئیستەنبووڵی کرد. ئەردۆغان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا ئاماژەی بەوە کرد، رووبەڕووبوونەوەی "تیرۆر" بابەتی سەرەکیی گفتوگۆکانیان بووە.
ئەردۆغان بە رۆژنامەڤانانی گوت، "رامانگەیاند، بەپێی یاساکانی هاوپەیمانییەکە، پێویستە رێگە بە هەبوونی هیچ رێکخراوێکی تیرۆریستی نەدرێت، بەتایبەتی پەکەکە و لقەکانی."
پەکەکە لەلایەن تورکیا و هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانیەوە بە رێکخراوێکی تیرۆریستی پۆلێن دەکرێت.
هەروەها سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، "زۆر گرنگە سکرتێری گشتیی نوێ هەوڵی بەهێز بدات بۆ هەڵگرتنی سزا، کۆتوبەند و بەربەستەکانی دیکەی بەردەم پیشەسازیی بەرگریی هاوپەیمانەکان."
کلاوس یۆهانیس، سەرۆکی رۆمانیا بەربژێرێکی دیکەیە بۆ پۆستی سکرتێری گشتیی ناتۆ. ئەردۆغان گوتی، هەفتەی رابردوو بە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی داواکارییەکانی تورکیای پێگەیاندووە.
سەرۆککۆماری تورکیا ئاشکرای نەکرد ئەنقەرە لەنێوان هەردووکیاندا دەنگ بە کێ دەدات، بەڵام بە زەردەخەنەوە هیوای سەرکەوتنی بۆ رووتە خواست لە "گەشتە نوێیەکەیدا."
دوای ئەوەی ئەمریکا، بەریتانیا و ئەڵمانیا پشتیوانییان بۆ رووتە دەربڕی، ئێستا لە ریزی پێشەوەی بەربژێرەکاندا دێت.
بەڵام هەنگاریا رایگەیاندووە پشتیوانی لە رووتە ناکات، چونکە سەرۆکوەزیرانەکە پێشتر رەخنەی لە حکومەتەکەی ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا گرتووە و بە پاشەکشەکردن بە دیموکراسی تۆمەتباری کردووە.