ئەردۆغان بۆ جەهەپە: مەمانخەنە نێو ئەو چاڵەی خۆتان تێیکەوتوون

 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا.
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی خۆپێشاندانەکانی دژی زیندانیکردنی سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ رایگەیاند، ئەوانەی رۆڵیان لە تێکدانی ئاسایش هەبووە، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت. لەبارەی جەهەپەشەوە دەڵێت، ''ئێمە و گەلەکەمان مەخەنە ئەو چاڵەی خۆتان تێیکەتوون''.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی چوارشەممە، 26ـی ئاداری 2025 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا گوتارێکی پێشکشێکرد و لەبارەی خۆپێشاندانەکانی دژی زیندانیکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ رایگەیاند، ''ئەوانەی تێکەڵی خۆپێشاندانەکان بوون، ناسنامەیان ئاشکرا دەکەین، ماسکدارە تیرۆریستەکانیش ئاشکرا دەکەین و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکەین''.
 
ئەردۆغان لەبارەی بەڕێوەبردنی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ رەخنەی لە ئیمامئۆغڵو گرت و گوتی: ''ئەوانەی گەندەڵی دەکەن و بەرتیل وەردەگرن، ئەوانەی بە پەڕەشوت دەبنە خاوەنی بڕوانامە و مافی هەزاران گەنج دەخۆن، جەهەپەیین. ئەوانەی بەشێک لەو پارانە بۆ ئامانجە سیاسییەکانیان بەکاردەهێنن و بەشێکیشی بۆ ئەو کۆمپانیایانەی لەڕێگەی رێکخراوی تاوان بنیادیان ناون و بۆیان دەنێرن، جەهەپەیین''.
 
سەرۆککۆماری تورکیا جەهەپە بە "گەندەڵی" تۆمەتبار کرد و گوتی: ''چەرخی گەندەڵیتان ئاشکرا بووە، ناتوانن بیانشارنەوە. بۆیە واز لە تۆمەتبارکردنی ئەم و ئەو بهێنن. هەوڵمەدەن ئەو چاڵەی خۆتان بە نەزانی کەوتوونەتە نێوی، ئێمە و گەلەکەشمانی بۆ پەلکێش بکەن''
 
سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی دۆسیەکانی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ گوتی: ''ئێمەش وەک هەمووان چاوەڕێی ئەوەین، هێزەکانی ئاسایش و دەسەڵاتی دادوەریمان ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن. چاوەڕێین، ئەو لێکۆڵینەوانەی دەستیانپێکردووە بیانگەیێننە ئەنجام. چاوەڕێین، تاوانباران لەڕێگەی دادگەکانەوە سزابدرێن''.
 
بەرەبەیانیی رۆژی 23ـی ئاداری 2025 ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ و 99 کەسی دیکە کە 19ـی مانگ دەستگیرکرابوون، رەوانەی دادگە کران.
 
ئیمامئۆغڵو بە بڕیاری دادگە خرایە زیندان و دواتریش لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی تورکیاوە لە ئەرکەکەی دوورخرایەوە.