وەزیری ناوخۆی تورکیا: 147 کەس بە تۆمەتی داعشبوون بەندکران
رووداو دیجیتاڵ
لە ئۆپەراسیۆنی "بۆزدۆغان-17" کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە 30 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا کراوە، 147 کەس بە تۆمەتی داعشبوونەوە خراونەتە زیندانەوە.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا ئەمڕۆ سێشەممە، 26ـی ئاداری 2024، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، "دوو هەزار و 919 گومانلێکراو دەستبەسەرکراون."
لەو ژمارەیە 692 کەس خراونەتە زیندانەوە کە 147یان بە تۆمەتی ئەندامبوون لە رێکخراوی داعش سزادراون، هەروەها 531یان بە مەرجی دادوەری ئازادکراون و رێکاری یاسایی لە بارەی 187یان بەردەوامە.
ئۆپەراسیۆنەکەی دژ بە رێکخراوی داعش لە یەکی حوزەیرانی 2023 بۆ 25ـی ئاداری 2024 کراوە.
بەگوتەی وەزیری ناوخۆی تورکیا ئەو ئۆپەراسیۆنانە لەسەر راسپاردەی داواکاری گشتی و بە هاوئاهەنگی هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیسی پارێزگاکان و هەواڵگری لە پارێزگاکانی سەمسوور، ئێلیهـ، چەولیگ، ئامەد، ئەرزەڕۆم، خارپێت، کیلیس، مەڵەتی و روهای باکووری کوردستان و پارێزگاکانی ئانتاڵیا، بۆڵو، بورسا، دەنیزلی، ئیستەنبووڵ، گیرەسوون، هاتای، کایسەری، کرککالە، کرشەهیر، کۆجائەلی، کۆنیا، کوتاهیا، مێرسین، ئۆردو، ساکارایا، سامسوون، تۆکات، ترابزۆن، یاڵۆڤا و یۆزگاتی تورکیا کراون.