لەیلا زانا: پێویستە بەزووترین کات بەندکراوانی دۆسییەی کۆبانێ ئازاد بکرێن
رووداو دیجیتاڵ
لەیلا زانا، خانمە سیاسەتمەداری کورد لە بانگەشەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا رایگەیاند "پێویستە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دۆسییەی دادگاییکردنی گیراوانی دۆسیەی کۆبانێ بگاتە ئەنجام و سیاسەتمەدارانی کورد لەسەر ئەو دۆسیەیە ئازاد بکرێن."
لە ناوچەی پیرسووس شاری رووهای باکووری کوردستان، لەیلا زانا بەشداری بانگەشەی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلانی کرد. زانا رووی دەمی لە دەنگدەرانی پارتەکەی کرد و گوتی "کۆبانێ شاری شانازیی هەموو مرۆڤایەتییە لە جیهان. تاوەکو بکەرانی تەقینەوەکەی پیرسووس ئاشکرا نەکرێت، دەسەڵاتی ئاکپارتی لەژێر تۆمەتدا دەمێنێتەوە."
لەیلا زانا لە درێژەی قسەکانیدا گوتی "بە هەزاران مرۆڤ تەنیا لەبەر ئەوەی بەرگریان لە کۆبانێ کرد، چەندان ساڵە لە زیندانەکانن. بۆیە دەبێت بەزووترین کات دانیشتنەکانی دادگا زۆر بە دادپەروەرانە بەڕێوەبچن و بگەنە ئەنجامێک".
لە دۆسیەی دادگاییکردنی کۆبانێدا، 108 سیاسەتمەداری کورد تاوەکو ئێستا لە زیندانن، بێ ئەوەی تۆمەت بەسەر هەر 108 دەستگیرکراویاندا ساخ بووبێتەوە. لەناو گیراوەکانیشدا هەریەکە لە سەڵاحەدین دەمیرتاش و گوڵتەن کشاناک و سەباحەت تونجەل و چەندان سیاسەتمەداری دیکەی باکووری کوردستان هەن.
رۆژی 20 تەمموزی 2015 لە ناوچەی پیرسووسی سەر بە شاری رووهای باکووی کوردستان، لە گردبوونەوەی ئاشتی و کۆکردنەوەی هاوکاری و یاری بۆ منداڵانی کۆبانێ، تەقینەوەیەک لە شوێنی گردبوونەوەکە روویدا و لە ئەنجامدا 33 گەنج گیانیان لەدەستدا.