لە تورکیا پارەدان بە کارتی بانکی بەڕێژەی 152٪ زیادیکردووە

رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی داتاکانی ناوەندی کارتی نێوان بانکەکان، کۆی ئەو پارەیەی لە مانگی شوباتدا لە تورکیا بە کرێدیت کارت، کارتی بانکی و کارتی پێشەکی دراوە، بە بەراورد بە هەمان ماوەی پار 152٪ زیادیکردووە و گەیشتووەتە 1.01 ترلیۆن لیرە.
 
ناوەندی کارتی نێوان بانکەکان رۆژی دووشەممە (25ـی ئاداری 2024) داتاکانی خۆی بۆ مانگی شوبات راگەیاند. بەم پێیە، تاوەکو مانگی شوبات، ژمارەی کرێدیت کارت لە تورکیا بۆ 120.4 ملیۆن و ژمارەی کارتی بانکی بۆ 191.2 ملیۆن و ژمارەی کارتی پێشەکی بۆ 91.8 ملیۆن کارت زیادیکردووە.
 
بەگوێرەی داتاکان لە مانگی شوباتی ئەمساڵ بەراورد لەگەڵ مانگی شوباتی پار، ژمارەی کرێدیت کارت بەڕێژەی 18٪ و ژمارەی کارتی بانکی 11٪ و ژمارەی کارتی پێشەکی 23٪ زیادیکردووە. کۆی گشتیی کارتەکان 15٪ زیادیکردووە و گەیشتووەتە 403 ملیۆن و 400 هەزار کارت.
 
کۆی گشتی ئەو پارەیەی لە مانگی شوباتدا بەو کارتانە دراوە بەراورد بە هەمان ماوەی پار 152% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 1.01 ترلیۆن لیرە. لەکاتێکدا 843.1 ملیار لیرە لە پارەدانەکان بە کرێدیت کارت دراوە، 150.3 ملیار لیرە بە کارتی بانکی و 19 ملیار لیرە بە کارتی پێشەکی بەکارهاتووە.
 
رێژەی گەشەی پارەدان لە کرێدیت کارت 166٪ و کارتی بانکی 94٪ و کارتی پێشەکیش 184٪ بووە.
 
کۆی گشتی ئەو پارەدانانەی لە مانگی شوباتدا بە کرێدیت کارت، کارتی بانکی و کارتی پێشەکی دراون، بە بەراورد بە هەمان ماوەی پارساڵ 38٪ زیادیکردووە و گەیشتووەتە یەک ملیار و 36 ملیۆن لیرە. 763.3 ملیۆن لە پارەدانەکان بە کرێدیت کارت، 491.1 ملیۆن بە کارتی بانکی و 106.6 ملیۆن لیرەش بە کارتی پێشەکی دراوە.
 
رێژەی گەشەی ژمارەی پارەدان بە بەراورد بە هەمان ماوەی پارساڵ 41٪ بۆ کرێدیت کارت و 27٪ بۆ کارتی بانکی و 79٪ بۆ کارتی پێشەکی تۆمارکراوە.
 
پارەدان بە کارتی ئۆنلاین بە بەراورد بە هەمان ماوەی پار 177٪ زیادیکردووە و لە 294 ملیار لیرە نزیک بووەتەوە. پشکی پارەدان بە کارتی ئۆنلاین بە گشتی 26٪ بووە.
 
لە کاتێکدا ژمارەی پارەدان بە کارتی ئۆنلاین 39٪ زیادیکردووە و گەیشتووەتە 203 ملیۆن لیرە، پشکی پارەدان بە کارتی ئۆنلاین بە گشتی 15٪ بووە.