تورکیا: پلانێک بۆ رێککەوتنی دەسەڵاتی دەریایی لەگەڵ سووریا هەیە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا دەڵێت، پلانێک بۆ رێککەوتنی دەسەڵاتی دەریایی لەگەڵ سووریادا هەیە.
عەبدولقادر ئوراڵئۆغڵو، وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا لە ئەنقەرە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە.
ئوراڵئۆغڵو گوتی: "سووریا دەروازەیەکی گرنگە بۆ دەریای نێوەڕاست. ئێمە دەزانین کە بەندەرەکانی ئەو وڵاتە پێشکەوتنێکی ئەوتۆیان بەخۆوە نەبینیوە. دەکرێت بڕیار و هەوڵمان هەبێت بۆ ئەوەی لەوێ هەندێک وەبەرهێنان بکەین. دامەزراوە پەیوەندیدارەکانمان هەنگاوێک دەگرنەبەر بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانمان لە رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست تاوەکو بتوانین رێککەوتنێکی دەسەڵاتی دەریایی بکەین".
ئوراڵئۆغڵو دەڵێت، "رێککەوتنێکی لەو شێوەیە دەبێتە هۆی زیادکردنی کاریگەریی هەردوو وڵاتی سووریا و تورکیا. هەموو جۆرە دەسەڵاتێک هاوبەشی پێدەکەین یان فراوانتر دەکەین، بە لەبەرچاوگرتنی یاسا نێودەوڵەتییەکان لە گەڕان بەدوای نەوت و هایدرۆکاربۆن لەوێ".
ئەو وەزیرەی تورکیا دەڵێت، لە رووی بازرگانییەوە دیمەشق و سووریا مێژوویەکیان هەیە و هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ زیندووکردنەوەی.