تورکیا: زیاتر لە 15 ملیۆن تۆن دانەوێڵە لە ئۆکرایناوە گوستراوەتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا رایگەیاند، لە رۆژی 1-8-2022 تاوەکو رۆژی 25-12-2022 بڕی 15 ملیۆن و 80 ھەزار تۆن دانەوێڵە لە رێگەی 585 کەشتییەوە لە بەندەرکانی ئۆکرایناوە گوستراونەتەوە.
 
لەکاتێکدا گواستنەوەی دانەوێڵەی ئۆکراینا لە رێی رێککەوتننامەیەکەوە بەردەوامە، رۆژی یەکشەممە 25-12-2022 عادل کارائیسماعیلئۆغڵو، وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا ئاماری گواستنەوەی ئەو دانەوێڵەیەی لە رێگەی دەریای رەشەوە خستەڕوو.
 
عادل کارائیسماعیلئۆغڵو ئاماژەی بەوەدا، جەنگی رووسیا - ئۆکراینا، بووە ھۆی راگرتنی ھەناردەی دانەوێڵە لە ئۆکراینا کە بە گرنگترین ناوەندی دانەوێڵە لە جیھان دادەندرێت؛ راگەیاند: "دوای ئەم پێشھاتە، بە سەرکردایەتیی سەرۆککۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەچری ھەوڵە دیپلۆماسییەکان خرانەگەڕ و لە ئەنجامدا پرۆسەی ھەناردەی دانەوێڵە دەستیپێکردەوە." 
 
کارائیسماعیلئۆغڵو رایگەیاند، لە رۆژی 1-8-2022 تاوەکو رۆژی 25-12-2022 بڕی 15 ملیۆن و 80 ھەزار تۆن دانەوێڵە لە رێگەی 585 کەشتییەوە لە بەندەرکانی ئۆکرایناوە گوستراونەتەوە. 
 
ئەو گەنمە لە بەندەرکانی ئۆدیسا، کۆرنۆمۆرسک و یوزھنی لە ئۆکرایناوە دەگوازرێنەوە. لە کۆی 585 کەشتی کە ئەرکیان گواستنەوەی دانەوێڵەی ئۆکراینایە، 171یان بارەکانیان گواستووەتەوە بۆ بەندەرەکانی تورکیا. تاوەکو ئێستا دوو ملیۆن و 374 ھەزار و 564 تۆن دانەوێڵە گەیشتووەتە بەندەرەکانی تورکیا.
 
رۆژی 22ی تەممووزی 2022، بەچاودێری ھەریەک لە ئەنتۆنیۆ گۆتێریس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە رێورەسمێکدا بەڵگەنامەی دەستپێشخەری گواستنەوەی دانەوێڵە و خۆراک لە بەندەرەکانی ئۆکراینا لەنێوان تورکیا، رووسیا، ئۆکراینا و نەتەوە یەکگرتووەکاندا واژۆکرا. 
 
لە رێککەوتننامەکەدا، پاراستنی ھەناردەی دانەوێڵە کە لە بەندەرەکانی ئۆکراینا لە دەریای رەش گیریان خواردووە، لە رۆژھەڵاتی ئەوروپاوە بۆ جیھان دەستەبەرکراوە. ئەوەش بە ئامانجی چارەسەرکردنی قەیرانی کەمیی خۆراک لە جیھاندا کە بووەتە مەترسی لەسەر ئەگەری دروستبوونی کارەساتی مرۆیی.