هەدەپە پێشنیازی هەڵبژاردنی پێشوەخت دەباتە پەرلەمان


رووداو دیجیتاڵ 

پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە دەیەوێت ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت بباتە پەرلەمان و بۆ ئەم مەبەستەش جگە لە ئیی پارتی، بڕیارە لەگەڵ پارتەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن کۆببێتەوە.
 
پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی هەدەپە رایگەیاند، "لەو بڕوایەداین لە پەرلەمانی تورکیادا داواکاریی هاوبەش بۆ هەڵبژاردن لەلایەن پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆنەوە سوودی دەبێت. ئەگەر لەگەڵ پارتەکانی دیکە هاوبەشی بکەین، دوای 1/1 لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان، ئامانجمان ئەوەیە پێشنیازنامەیەک لەمبارەیەوە بکەینە رۆژەڤی پەرلەمان."
 
پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەڵێن، لە هەڵبژاردنی داهاتوودا جڵەوی دەسەڵات دەگرنەدەست. ئەوان باس لە قۆناخی دوای ئاکپارتی دەکەن.
 
کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی جەهەپەش گوتی، "دوای ئەوەی هەڵبژاردنەکەمان بردەوە، ئینجا دابنیشین و بڵێین چ بڕیارێک بدەین؟ ئەمە نابێت. پێویستە سەرەتا بزانین چی ئەنجام دەدەین.. ئێستا بێ متمانییەکی زۆر لەنێوان هاووڵاتی و حکومەت هەیە، رێژەی 67٪ـی پارەی خەڵک لە بانکەکان دراوی بیانییە."
 
سەرۆکی گشتیی ئیی پارتی کە لەگەڵ جەهەپە لەنێو هاوپەیمانیی میللـەتدایە، لە پرۆگرامێکی تایبەت بە هەژاری و بێکاری رایگەیاند، ئاکپارتی بەهۆی دانانی ستافی بێ توانا، کوالێتیی دام و دەزگاکانی حکومەتی دابەزاندووە.
 
مێراڵ ئاکشەنەر، سەرۆکی گشتیی ئیی پارتیش پێی وایە، "دامەزراوە ریشەدارەکانمان بەهۆی ستافی بێ تواناوە زیانی زۆریان بەردەکەوێت. لەبەر ئەم هۆیە ئێمە ئەمڕۆ لێرەوە، بۆ ئەوەی بەم دۆخە بڵێین بوەستە، هەروەها بۆ گۆڕینی ئەم شیرازەیە کە ئەوان پێیدەڵێن چارەنووس، هەنگاوێکی گرنگ دەنێین."
 
سەرۆککۆماری تورکیا لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ بەشێک لە کەسانی ئەکادیمی و ئابووریناسان لە ئیستەنبووڵ، رەتیکردەوە تورکیا لە دۆخێکی خراپدا بێت، بە پێچەوانەوەی گوتی؛ لە ئابوورییدا گۆڕانکارییان کردووە. 
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، "لەگەڵ راگەیاندنی ئەو پاکێجی رێوشوێنەی ئامادەمان کردبوو، بینیمان کەفی سەر بەهای دراوە بیانییەکان لە رۆژێکدا نەما."
 
بەرپرسانی حکومەتی تورکیا شانازی بەو هەوڵەی ئەردۆغان دەکەن کە سەرکەوتوو بووە لە دابەزینی بەهای دۆلار. عەلی باباجان، سەرۆکی گشتیی پارتی پێشکەوتن و دیموکراتی کە وەزیری پێشووتری ئابووریی تورکیایە و لە کابینەکانی ئاکپارتییدا بە ئەندازیاری ئابووری دەناسرا، دەڵێ: "[ئەوان] دەڵێن سەیربکە چۆن دراوی بیانیمان دابەزاند، جا بەمە خۆشحاڵن و ئەمە وەکو شتێکی باش بە هاووڵاتیان دەفرۆشنەوە. لەڕاستیدا ئەم هەموو پێچاو پێچ و بەرزی و نزمییە، بۆ ئابووری زۆر قورسە."
  
بەپێی رۆژژمێری هەڵبژاردنەکانی تورکیا تاوەکو حوزەیرانی 2023 هەڵبژاردن ناکرێت. هەرچەندە ئۆپۆزیسیۆن گوشار بۆ ئەم مەبەستە دروستدەکات، بەڵام ئاکپارتی پێداگرە لەسەر ئەوەی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت.