یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا: پەکەکە نوێنەرایەتیی کورد ناکات
رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا چووە ئامەد و لەگەڵ بەرپرسانی پارێزگاکە کۆبووەوە.
رۆژی هەینی 25-10-2024 جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا بە سەردانێک گەیشتە ئامەد و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارێزگایەی باکووری کوردستان کۆبووەوە.
جەودەت یڵماز گوتی، پارتی کرێکارانی تورکیا (پەکەکە) نوێنەرایەتیی کورد ناکات و رایگەیاند، هەروەک چۆن رێکخراوەکانی وەک بزووتنەوەی خزمەت (گرووپی فەتحوڵڵا گولەن) و داعش، ئایین بەکاردەهێنن و کاری دوور لە مرۆڤایەتی دەکەن، پەکەکەش "ناسنامەی کورد دەقۆزێتەوە و وەک ماسکێک بەکاریدەهێنێت و کاری دوور لە مرۆڤایەتی دەکات."
کاژێر 03:00ی دوای نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە 23-10-2024 دوو چەکدار هێرشیانکردە سەر دامەزراوەی پیشەسازیی بۆشایی ئاسمان و فڕۆکەوانی لە ئەنقەرە. بە گوتەی وەزیری ناوخۆی تورکیا، لە هێرشەکەدا 5 کەس کوژراون و 22 کەسی دیکە بریندار بوون؛ هەروەها دوو چەکدارەکە کوژراون.
هەر دوای هێرشەکە، یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا پەنجەی تۆمەتی بۆ پەکەکە درێژ کرد و رایگەیاند، هەموو جارێک سزای پێویستیان دەدەن، بەڵام "ژیر نابن."
دوو رۆژ دوای هێرشەکە پارتی کرێکارانی تورکیا ئەنجامدانی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت.
نەپەگە، باڵی سەربازیی پەکەکە، کە فەرماندەکەی موراد قەرەیلان، سەرکردەی دیاری پارتی کرێکارانی کوردستانە، رایگەیاند، "هێرشەکە لەلایەن تیمێکی "سەربەخۆ"ی هێزی نەمرانەوە کراوە.