35 کۆچبەری نایاسایی لە تورکیا دەستبەسەر کران
رووداو دیجیتاڵ
لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیادا لە پارێزگای کرکڵارئەلی 35 کۆچبەری نایاسایی دەستبەسەر کران؛ دوو قاچاخچیش سزای زیندانیکردنیان بۆ دەرچوو.
رۆژی هەینی 25-10-2024 فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا بڵاویکردەوە، هێزەکانی جەندرمە و پۆلیس ئۆپەراسیۆنێکیان لە سنوورە ئاوییەکانی پارێزگەی کركڵارئەلی ئەنجامدا، 35 کۆچبەری نایاساییان دەستگیرکرد کە دەیانویست بچنە ئەورووپا.
دوای جێبەجێکردنی رێکاری یاسایی، کۆچبەرەکان رادەستی ناوەندی دیپۆرتکردنەوەی شارۆچکەی پەهلیڤانکۆی لە پارێزگاکە کران.
هەر لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دوو کەس دەستبەسەر کران و دواتر بە تاوانی قاچاخیکردن بە کۆچبەران لەلایەن دادگەی کرکڵارئەلییەوە بڕیاری بەندکردنیان بۆ دەرچوو.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لە هەشت مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا 126 هەزار و 766 کۆچبەری نایاسایی لەو وڵاتە دەستگیرکراون.