لە ئیستەنبووڵ 35 کەس بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پەکەکە دەستبەسەرکران
رووداو دیجیتاڵ
لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە ئیستەنبووڵ 35 کەس بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە دەستبەسەرکران.
بەیانی ئەمڕۆ هەینی، 25ـی تشرینی یەکەم لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە پەکەکە" فەرمانی دەستبەسەرکردنی 44 کەس درا.
دوای بڕیارەکەی داواکاری گشتی، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئیستەنبووڵ بەرەبەیانی زوو دەستیان بە ئۆپەراسیۆنەکە کرد و هەڵیانکوتایە سەر چەندین ناونیشانیان.
تائێستا 35 کەس دەستبەسەرکراون و ئۆپەراسیۆنەکە بۆ دەستبەسەرکرنی نۆ داواکراوەکەی دیکە بەردەوامە.
دەگوترێت لەو 35 کەسەی دەستبەسەر کراون 34 کەسیان ئەندامی "باڵی گەنجانی پەکەکە"ـن و لە ئیستەنبووڵ هەوڵیان داوە لەسەر شەقام چالاکی بکەن.
لە تورکیا و باکووری کوردستان رۆژانە هێزە ئەمنییەکان هەڵدەکوتنە سەر ماڵان و بە تۆمەتی پەکەکە، هاووڵاتیانی مەدەنی و چالاکڤانان و سیاسەتڤانانی کورد دەستگیر دەکەن.