پەرلەمانتارێكی دیکەی ئیی پارتی دەستی لەکار کێشایەوە
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێكی دیکەی ئیی پارتی دەستی لە پارتەکەی کێشایەوە، ژمارەی کورسییەکانی ئەو پارتە لە پەرلەمانی تورکیا لە 44 کورسی بۆ 32 کورسی دابەزی.
دوای شکستی لە هەڵبژاردنەکانی 31ـی ئاداری ئەمساڵ و خۆبەربژێرنەکردنی مەراڵ ئاکشەنەر، سەرۆکی پێشوو و دامەزرێنەی ئیی پارتی لە کۆنگرەی پارتەکەیدا، کە چەند مانگێک دوای هەڵبژادنەکە کرا، هەروەها دوای دەستبەکاربوونی موساڤات دەرڤیشئۆغڵو وەک سەرۆکی ئیی پارتی، دەستلەکارکێشانەوەی ئەندام و بەرپرس، سەرۆک شارەوانی و پەرلەمانتارانی ئەو پارتە دەستیپێکرد.
رۆژی چوارشەممە (24ـی تەمموز) نیعمەت ئۆزدەمیر، خانمە پەرلەمانتاری ئیی پارتی لە بازنەی ئیستەنبووڵ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سۆشیاڵمیدیا دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پارتەکەی راگەیاند و ئاماژەی بەوەدا، وەک پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ لە پەرلەمان درێژە بە کارەکانی دەدات.
ئیی پارتی لە دوایین هەڵبژادنی پەرلەمانیدا کە پارساڵ کرا، 44 کورسی بەدەستهێنا. بە دەستلەکارکێشانەوەی ئەو پەرلەمانتارە ژمارەی کورسییەکانی ئەو پارتە لە پەرلەمانی تورکیا بۆ 32 کورسی دابەزی، کە نۆیان وەکو پەرلەمانتاری سەربەخۆ درێژە بە کاری پەرلەمانی دەدەن.
بەگوێرەی زانیارییەکان هەروەها لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا، زیاتر لە 100 هەزار کەس لە ئیدارە خۆجێییەکانی ئیی پارتی دەستیان لەکار کێشاوەتەوە.